نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی دەکات

 

 

به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى،

سەرۆ‌ك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

 

سڵاو و ڕێز..

 

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان متمانه‌ى دا به‌ به‌ڕێزتان وەك سەرۆ‌ك وەزیران و به‌ كابینەی نۆیەمى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. بەو بۆنەیەوە بەگەرمی پیرۆزییتان لێدەكەم.

 

ئەمە دەستكەوتێكی دیكەی بەردەوامبوونی پرۆسەی گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی ویست و خۆڕاگری و هاوكاریی هاووڵاتیان و لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و دۆست و پشتیوانانی گەلەكەمان.

 

ئێوە شایستەی ئەم بەرپرسیاريه‌تی و متمانەیەن، دڵنیام ئەوپەڕی توانای خۆتان و تیمەكەتان دەخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان. ئەزموونی چەند ساڵەی كاركردنمان بۆ پاراستن و پێشخستنی دۆزی گەلەكەمان و پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بە زۆر قۆناغی هەستیار و سەختدا تێپەڕی، هیوادارم ئەو سەختیانە نەبینینەوە و هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی زیاتری كوردستان تەرخان بكەین.

 

دڵنیام ئێوە لێهاتووانە، چالاك و كارا بەسەر گرفتەكاندا زاڵ دەبن، ورەی تیمەكەتان بەرامبەر تەحەددییەكان بەرز دەكەنەوە و ئەنجامی باش و خوازراو بەدەستدەهێنن. هیچتان درێخی ناكەن لە ئەرك و جێبەجێكردنی كاری ڕۆژانە و درێژخایەن بۆ درێژەدان بە دابینكردنی ئارامی، ئاسایش، گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی كوردستان.

 

گەلی كوردستان و بەڕێزتان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمه‌وه‌ كە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو‌پەڕی تواناوە پشتیوانی و هاوكاريی سەركەوتنی كاری ئێوە و كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەكەم.

 

سەركەوتنی ئێوە و جێگری سەرۆك وەزیران و تەواوی وەزیرەكان بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی هەموومان و سەركەوتنی گەل و هەرێمی كوردستانە.

 

لەگەڵ ڕێزمدا..

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

10/7/2019

 

 

مه‌سروور بارزانی
Back to top button