سەرۆكی شارەوانی پاریس: سوپاسی پێشمەرگە دەكەین بەهۆی ئەوان ئێمە لێرە بە ئارامی دەژین

دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوێنێ‌ لە كۆشكی ئەلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كۆبوویەوە ئەمڕۆ سەردانی سەرۆكایەتی شارەوانی پاریسی پایتەختی فەرەنسای كرد, دوای تاوتەێكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو پایتەختی فەرەنسا و كوردستان سەرۆكی شارەوانی پاریس رایگەیاند كە هەفتەی داهاتوو رێككەوتنی دەستە خوشكی پاریس و هەولێر دەكرێـت و سوپاسی پێشمەركە دەكەین كە بە هۆی قوربانی دانی ئەوان ئێمە لێرە بە ئارامی دەژین.

ئان هیداڵگۆ، سەرۆكی شارەوانی پاریس دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند “ئێمە وڵاتی ئێوەمان خۆشدەوێت، من دووجار سەردانی هەولێرم كردووە.. ئێوە لەجیاتی ئێمە شەڕی داعشتان كرد، سوپاس بۆ پێشمەرگە ئێمە لێرە ئازادین”.

لە بارەی رێككەوتنی بە دەستە خوشك بوونی هەولێر و پاریس سەرۆكی شارەوانی پاریس رایگەیاند:” دەمانەوێـت پەرە بە پەیوەندیە ئابوریەكان و كلتوریەكانی نێوان پاریس و هەولێر بدەین بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو رێككەوتنێكی هاوئاهەنگی و پێكەوە كاركردن لەنێوان هەولێر و پاریس واژۆبكرێت.

هەروەها دوای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لە تویتێكدا نووسیوویەتی “خۆشحاڵبووم سەردانی سەرۆكی شارەوانی پاریسم كرد لە ئۆفیسەكەی خۆی. باسمان لە هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و پاریس كرد. دڵخۆشم كە دەبینم هەوڵەكانی نۆژەنكردنەوەی نۆتردام بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەوەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەمساڵ ئاگر بەشێكی ئەو شوێنەوارە مێژووییەی وێرانكرد”.

Back to top button