بەشیر حەداد: پێویستە هێزە بیانیەكان كێشە بۆ هەولێر و بەغدا دروست نەكەن

 

دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد بە مەبەستی گفتوگۆكردن لە بارەی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق و پەیوەندیە هەنوكەیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا, جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئاییندەیەكی نزیكدا كێشەی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر دەكرێت.

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی رۆژنامەوانی رایگەیاندووە:” بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی ماددەی 140 چەند لێژنەیەك پێكهێنراون, بە چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان, چەندین كۆبوونەوەشی ئەنجام داوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت”.
هەروەها دەشڵێت بە بڕوای من سەقامگیری ناوچە كوردستانە دابڕێندراوەكان بە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق دەكرێت.
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت:” پێویستە هێزە بیانییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان كێشە بۆ هەولێر و بەغدا دروست نەكەن و رەچاوی دۆخی ناوچەكە بكەن، چونكە‌ عێراق و هەرێمی كوردستان بەرگەی شەڕ و ناخۆشی ناگرن و ناشبێ لە دەرەوەی دەستوور و یاسا، هیچ هێزێك دروست بكرێت.

Back to top button