حكومەتی هەرێم هەلی كاری بۆ دەیان كەس راگەیاند
خواكوڕك
لەدوای ئەوەی وەزارەتی كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری رێكخراوی GIZی ئەلمانی چەند پڕۆژەیەكی لە سنوری پارێزگای دهۆك راگەیاند, لە ئێستادا هەلی كاری بۆ دەیان كەس رەخساندووە.
لەو بارەیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە “وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بە هاوكاریی رێكخراوی GIZ ی ئەڵمانی سێ پرۆژە لە سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدەدات كە دەرفەتی كاری بۆ دەیان كەسی بێكار ڕەخساندووە و ئێستا پرۆژەكان كاریان تێدا دەكرێت, پرۆژەی یەكەم لە ناحیەی قەسرۆك جێبەجێدەكرێت كە بریتیە لە چاندنی دار و درەخت و رووبەری پڕۆژەكە ٤٢ دۆنمە و بە ماوەی ٥٠ رۆژ تەواو دەكرێت، ئەم پڕۆژەیە هەلی كاری بۆ ٢٠٠ كرێكار دابین كردووە و ٤ ھەزار نەمامی لێ دەچێنرێت”.
لەراگەیێندراوەكەدا ئەوەشی هاتووە كە “پرۆژەی دووەم ماوەكەی ٣٠ رۆژ دەخایەتێت و یەكێكە لە پڕۆژەكانی پاككردنەوەی بەشێك لە زەویە كشتوكاڵییەكان لە بەرد لە سنووری ناوەندی قەزای دهۆك، ھەلی كاری بۆ ٥٨٠ كرێكار و ئاوارە دابین كردووە و رووبەری ٨٠٠٠ دۆنم پاكدەكاتەوە تێچووی گشتیی ٥٨٣ هەزار دۆلارە”.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە “پرۆژەی سێهەم بریتیە لە خاوێنكردنەوەی جۆگەكانی ئاودێری، هەر پێنج گوندی (كربلێ، ئالەكینا، دیرگشنیك، حوجاڤا، بێشینكێ) دەگرێتەوە و درێژیی پڕۆژەكە ١٥ كیلۆمەترە و هەلی كار بۆ ٥٠٠ بێكار دابین دەكات، واتا بۆ هەر گوندێك ١٠٠ كرێكار، هاوكات ٤٠٠ – ٥٠٠ جووتیار لێی سوودمەنددەبن، تێچووی گشتی پڕۆژەكە ٦٠٠ هەزار دۆلارە”.