خالید شوانی: كورد مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگار وەربگرێت, چونكە زۆرینەن و ناكرێت هیچ پێكهاتەیەك دژی بووەستنەوە

دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی رێككەوتن لە بارەی دەست نیشانكردنی كاندیدێكی لیستی برایەتی بۆ پارێزگاری كەركووك, رۆژی هەینی لەسەر داوای لایەنە عەرەبییەكان دەیان كەس لەبەردەم پارێزگای كەركووك گردبوونەوە و درووشمیان دژی دانانی كوردێك وەك پارێزگاری شارەكە گوتەوە, وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت:” پارتی و یەكێتی رێگە نادەن دۆخی كەركووك بەم جۆرە بمێنێتەوە”.
خالید شوانی، وەزیری هەرێم رایگەیاند:” دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی رێككەوتن لەبارەی دیاركردنی كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركووك پێشبینی دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لایەنە كوردستانییەكانی لیستی برایەتی كەركووك لەسەر چۆنێتی ئیدارەدانی پارێزگاكە ‌و پۆستەكان بەنیازن سەردانی لایەنە عەرەب ‌و توركمانەكان بكەن”.
خالید شوانی دەڵێت، لەم هەفتەیەدا لایەنە كوردستانییەكانی لیستی برایەتی لەناو خۆیاندا كۆدەبنەوە بۆ دانانی بەرنامەیەكی هەمەلایەنە بۆچۆنێتی ئیدارەدانی پارێزگاكە ‌و سەردانی لایەنەكانی عەرەب ‌و توركمانی كەركووك.
لە بارەی ناڕزایەتیەكانی عەرەب لە كەركووك خالید شوانی دەڵێت:” نابێـت دژ بەوە بوەستنەوە كە لیستی برایەتی كاندیدێك دیاری بكەن و لەكاتێكدا مافی خۆیەتی بەربژێر بۆ پارێزگار دابنێت, چونكە زۆرینەیە لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی سیاسییەوە گرنگە لێكتێگەیشتن لەگەڵ عەرەب و توركمان هەبێت، هەر بۆیە بڕیاریانداوە سەردانیان بكەن.
لیستی برایەتی كەركووك كە كورد سەرپەرشتی دەكات، لە كۆی 41 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا خاوەنی 26 ئەندامە. ئەندامەكانیش لە لایەنەكانی پارتی، یەكێتی ‌و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانن.
Back to top button