ئومێد خۆشناو: پێویستە پەكەكە و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بیانوو نەدەنە دەست ئێران و توركیا ناوچە سنوریەكان بۆردوومان بكات
دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوو فڕۆكەكانی توركیا و سوپای ئێران بە بیانووی بوونی پەكەكە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆردوومانی ناوچە سنوریەكانی كوردستانیان كرد, كە بە هۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون, بۆ بەدوا داچوون لە زیانەكانی بۆردوومانەكە شاندێكی فراكسیۆنی پارتی سەردانی ناوچە سنوریە بۆردوومانكراوەكانی كرد, سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش رایدەگەیەنێـت كە ئەو هێزانە بیانوو نەدەنە دەست توركیا و ئێران”.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسۆنی پارتی لە پەرەمانی كوردستان لەو باریەوە رایگەیاندووە: ” شاندێكی فراكسیۆنی پارتی بۆ ئاگادار بوون لە گوزەرانی هاوڵاتیانی دەڤەری برادۆست و ناحیەی سیدەكان كە لە هەفتەی رابردوو بەر بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا و سوپای پاسداران كەوتن كە بە بیانووی بوونی بنكەو بارەگاكانی پەكەكە و بنكەی هێزە حزبەكانی رۆژهەڵات ئەو ناوچانە بۆردووماندەكرێن”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی راشیگەیاند: “لەچەند ساڵی رابردوو بەهۆی بۆردومانەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا چەندین هاووڵاتی شەهید و برینداربوونە و سەدان گوند و دێهات چۆڵكراون و ڕەز و باخی گوندنشینان وێران بوونە”.
ئومێد خۆشناو ڕاشگەیاند: ” وێڕای ئەوەی ئێمە چەندین جار لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەی ناڕەزایمان دەركردووە و داوامان لە و وڵاتانە كردووە پێشێلكارییەكان رابگرن، بەڵام ئەوان بەبیانووی هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و پارتەكانی رۆژهەڵات بەردەوام سەروەری خاكی كوردستان و عێراق پێشێل دەكەن”.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو”ئێمە بەر لەوەی داوا لەوڵاتانی دراوسێ بكەین داوا لەو هێز و لایەنانە دەكەین چیتر بیانوو نەدەنە دەست ئەو وڵاتانە چونكە خەڵكی سڤیلی ئەم ناوچانە چەندین ساڵە لەو رەوشە خراپەدا ژیان دەگوزەرێنن”.