په‌تریارك ئیگناتیوس ئه‌فرامی دووه‌م: په‌یامی مه‌سرور بارزانی خزمه‌تكردنی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌

په‌تریارك ئیگناتیوس ئه‌فرامی دووه‌م، سه‌رۆكی باڵای كڵێسای سریانی ئه‌رسه‌زۆكسی له‌ جیهان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و ده‌ڵێت، به‌ متمانه‌دان به‌ كابینه‌كه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خۆشحاڵم و ئه‌ركێكی گه‌وره‌تان كه‌وتوووه‌ته‌ ئه‌ستۆ خزمه‌تكردنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان”.

په‌تریارك له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “ده‌وڵه‌تمه‌داری به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، زۆر خۆشحاڵ بوون به‌ بیستنی هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه‌ت و متمانه‌ وه‌رگرتنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانەوە، پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆتان”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “ئه‌ركی ئێوه‌ په‌یامێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی بۆ رۆڵه‌كانی هه‌رێم به‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه و له‌گه‌ڵ فه‌خامه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بده‌ن هه‌رێمی كوردستان پێش بخه‌ن و گه‌شه‌ی پێ بده‌ن”.

ئیگناتیوس ئه‌فرامی دووه‌م له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “به‌ناوی خۆم و له‌بری رۆڵه‌كانی كڵێسای سریانیی ئه‌رسه‌دۆكسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزباییتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، هیوادارین خوای گه‌وره‌ كۆششه‌كانتان سه‌ركه‌وتوو بكات، به‌تایبه‌تی پارێزگاریی له‌ ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێم بكات و ئه‌و قه‌یرانانه‌ی وه‌ك گه‌رده‌لوول داویانه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كی ناوچه‌كه‌ نه‌مێنن”.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه:‌ “داواكارم ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتوو بن و هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌رده‌وام پێش بكه‌وێت و گه‌شه‌ بكات و رێزمان قه‌بووڵ بفه‌رموون”.

Back to top button