بۆچی پارتی ئەم جارە نایەوێت دانوستاندنەكان ببێتە بابەتی میدیایی

خواكوڕك
لەدوای دەست پێكردنەوەی گەڕێكی دیكەی دانوستاندنەكان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەق بەستووی هەرێم, كە بە سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای یەكگرتووی ئیسلامی دەستی پێكرد, شاندەكەی پارتی پێچەوانەی دانوستاندنەكانی پێشوو نایەوێت هیچ قسەیەك بۆ میدیا بكات و دەیەوێت ئەم شێوازە تاقیبكاتەوە.

شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و لایەنە توركمانەكان كۆبووەوە، بڕیاریشیانداوە ئەمجارە بە ھیچ شێوەیەك قسە بۆ میدیا نەكەن، تاوەكو سەردانەكانیان بۆ لای ھەموو لایەنەكان كۆتاییان دێت، دوای ئەوە ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ھێزو لایەنە سیاسیەكان، بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەن.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی, كاتێك بابەتە سیاسیە جدیەكان كەوتونەتە ناو میدیاكان, بونەتە بابەتەی خۆ بە پالەوان كردن و موزایدە پێوەكردن, تەنانەت زۆركات بۆ چەواشەكاری بەكار هاتوون, بۆیە لێدوان نەدان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن هاوكار دەبێت بۆ سەرخستنی ئەم گەڕی دانوستانەی كە لە ئێستادا پارتی دەستی پێكردووە.

Back to top button