مەسعود حەیدەر گەورەترین ئاستەنگیەكانی بەردەم كابینەكەی مەسرور بارزانی ئاشكرا دەكات

مەسعود جەیدەر ئەندام پەرلەمانی پێشووی گۆڕان و راوێژكاری سەرۆك بارزانی لە وتارێكی دا كە لەبەشی وتاری خواكوڕك بڵاو كراوەتەوە باس لە ئاستەنگیەكانی بەردەم كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەنووسێ”گەورەترین ئاڵنگاری لە پێش کابینەی نۆیەم دروستکردنی ئاستەنگە بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە ھۆکاری سیاسی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، بێ سەروەری یاسا پرۆسەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەکو پێویست جێبەجێ نابێت. بۆیە دەبێت حزبەکان ( حکومەت و ئۆپۆزسیۆن) ئاستەنگی سیاسی دروست نەکەن و ئازاری ریفۆرم و چاکسازی قبوڵ بکەن و بەرژەوەندی نیشتمانی رەچاو بکەن.

هەروەها مەسعود حەیدەر لە نووسینەكەی دا ئاماژە بەوەش دەكات” ئاڵنگاری ئابووری یەکێکی ترە لە ئاڵنگارێکان و دوو ئاراستەی ھەیە، لەسەر ئاستی ناوخۆ ، کەم کردنەوەی خەرجی و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھاتە نا نەوتێکانە کە پێویستی بە بوژانەوەی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری ھەیە، لەلایەکی ترەوە رێککەوتنی ئابووریە لەگەل بەغداد لەسەر ھەموو ئەو دۆسێیانەی بە کراوەیی ماوەتەوەو دەکرێت ببێتە یەکێک لە ھۆکارەکانی بوژانەوەی ئابووری ھەرێم.

لە خاڵی سێهەمی وتارەكەی دا دەشنووسێ” کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوون ئاڵنگاریەو و لەھەمان کاتیشدا ھەلێکی زۆر باشە بۆ رەخساندنی ھەلی کارو بوژانەوەی کەرتی تایبەت. هەروەها لە خاڵی چوارەم دا دەنووسێـ”درووستکردن و بونیادنانی تاک زۆربەری سێکتەرەکانی حکومەت دەگرێتەوە و کارێکی لە ڕادەبەدەر قورسە، پەروەردەو فێرکردن بۆ پێگەیاندنی تاک، لە ھەمان کاتدا پەرەپێدانی مرۆیی لە گشت دامودەزگاکانی حکومەت پێویستەو ئاڵنگاریە بۆ داھاتوو، هەروەها لە خاڵی پێنجەم و شەشەمدا ئاماژە بەوەش دەدات” ئاڵنگاری کارگێڕی ھیچ کەمتر نییە لە دارایی و پێکەوە گرێدراون و ئەم دوو بابەتە رەھەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەورەیان ھەیەو پلانی دوورمەودای پێویستە و دەبێ بە قۆناغبەندی درێژخایەن جێبەجێ بکرێت. هەروەها فاکتەری سیاسی ناوخۆی عێراق و ململانێ ئقلیمی و نێودەوڵەتێکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق .

هەر لە وتارەكەی دا لەبارەی پەروەردە مەسعود حەیدەر لە وتارەكەی دەنووسێـ”بونیادنان بە پەروەردە و فێرکردن دەستپێدەکات، بە پێ ی راپۆرتەکانی سندوقی دراوی نێودەولەتی ( IMF ) ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە عێراق خراپترینە بەراورد بە ووڵاتانی ناوچەکە، دەبێ بایەخ بە بونیادنانی تاک بدرێت لە رێگەی پەروەردەو زانستەوە، لە ھەمان کاتدا پێویستە بایەخی زیاتر بە ئابوری بدرێت و کەمتر بە سیاسەت لەسەر ئاستی ناوخۆ. پێویستمان بە پێداچوونەوەیە بە بەرنامەی خوێندن لە زانکۆکانمان و ئەپدەیت کردنیان، پێویستمان بە زیادکردنی رێژەی سەوزایی ھەیە لە ووڵاتەکەمان تاکی کورد ژینگە دۆست بکەین. لەگەڵ ئەو دیموکراسیەی ھەمانە پێویستمان بە سستمێکە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخی ناوخۆیی و بارودۆخی ناوچەکە، سستەمەکە ببێتە مایەی گەشەسەن دن لە گشت بوارەکاندا و دەستێکی پۆڵاینی ھەبێت بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە بەشی كۆتایی وتارەكەی دا مەسعود حەیدەر دەنووسێـ”بێگومان ئیشوکاری حکومەت لە سێکتەرە جیاوازەکانی تەندروستی وخزمەتگوزارێ پێویستێکانی ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیان و رێگاوبان .. ھتد ھەموو پێویستیان بە پەرەپێدان و باشترکردن ھەیەو و لەکارنامەی حکومەتی ھەرێم ئاماژە بە ھێلە گشتێکان کراوە، چاکسازی و ریفۆرمی کارگێڕی و دارایی پرۆسەیەکی فرە ڕەھەندە و پێویستە بکرێت بە سێ قۆناغ: کورت مەودا و مامناوەندە و دوور مەودا. پێوەری حکومەتی سەرکەوتوو دوو بنەمایە؛ ئابوریەکی گەشەسەندوو لەگەڵ سەقامگیری ئەمن و ئاسایش. سەرەرای ئاڵنگارێکان گەشبینم بە کابینەی نۆیەم لە سۆنگەی متمانە بوونم بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

Back to top button