لەژێر ڕۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

سامان ڕەشید
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لەپەیامێکدا،نەخشە ڕێگای چارەسەری کێشەی کەرکوکی خستە ڕوو.کێشەیەک کە نزیک سەدەیەکە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ھەوڵەی چارەسەرکردنی ئەدا وھەموو ڕێگا سیاسی ودیبلۆماسییەکانی لەوپێناوەدا خستووەتە گەڕ کە ئەم کێشە مێژوویە چارەسەر بکرێت ودوا چارسەریش لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس بەمیکانیزمێکی یاسایی لەچوارچێوەی دەستووری نوێی عێراق چەسپێندرا.سەرۆک بارزانی لەم پەیامەیدا،تێڕوانینێکی کوردستانیانەی خستووەتە ڕوو وە پێویستە وەک پرنسیپێکی نەتەوەیی ونیشتمانی لێ بڕوانین سەبارەت بەکێشەی کەرکوک.
(ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە ڕێككەوتن و هاوڕایی لایەنە كوردییەكان، هەنگاوێكی گرنگە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە كێشەكانی كەركووك بە پارێزگاریشەوە سەرەتا لە نێوان هەولێر و بەغدا یەكلایی بكرێتەوە و چارەسەر بكرێت) ئەم تێڕوانینە بۆ چارسەری کێشەی کەرکوک لەلایەن بەڕێزیانەوە ئەوەمان پێ دەڵێ یەک ڕێزی ویەک گوتاری ویەک ھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان زۆر گرنگە،بەڵام کێشەی کەرکوک کێشەی حزبێک یان گروپێک نییە،بەڵکو کێشەی نەتەوەیەکە وپێویستە ھەولێر وەک پایتەختی سیاسی کوردستانیان لەچوارچێوەی بەرنامە وستراتیژیەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بدات.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەین کەلەسێبەری ئەم دێڕانەی سەرەوەی پەیامەکەی بەڕێزیان بەدی ئەکرێت،ئەوەیە کە ھێزی گفتوگۆی کورد (القوة التفاوضية) لەیەک ناوەندی سیاسی کۆکردوەتەووە،ئەویش ھەولێرە،ھەولێر وەک ھەرێمێکی سیاسی ودەستووری ومەرجەع وکۆکەرەوەی تێکڕا ھێز ولایەنە کوردستانییەکان کەخۆی لەدامەزراوە شەرعییەکان ئەبینێتەوە.ئەم ڕاستییەش مێژوو سەلماندویەتی کە ھێزی گفتوگۆ ودانوستاندنی کورد لەیەکڕیزی ویەک تێڕوانینیمان بووە وە زۆربەی دەسکەوتەکانیش کەبەدست ھاتوون لەئەنجامی ستراتیژی ھاوبەشەوە بووە،بۆیە لایەنی بەرانبەرمان ھەمیشە ھەوڵی ئەوەی داووە ئەم ھێزەی کورد پەرش وبڵاو بکات وکەناڵەکانی گفتوگۆ ودانوستاندن زۆرتر وفراونتر بکات وئەم کێشە نەتەوەیی مێژوویە بەکێشەی حزبی بکات.
خاڵێکی دیکەی ئەم پەیامەی سەرۆک کەپێویستە وەک پرنسیپێکی نەگۆر لەچوارچێوەی بەرنامەی کارکردنمان ومامەڵەکردنمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئەم شارە پراکتیزەی بکەین،ئەویش پەیامی ئاشتی وبرایەتی وتەبایی وپێکەو ژیانە.( دەبێ كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و هەموو پێكهاتەكان بتوانن بە ئاشتی و برایەتی و تەبایی لە كەركووكدا لەگەڵ یەكتر بژیین)ئەم پەیامە لەئەمڕۆدا زۆر پێویستە کاری لەسەر بکەین وڕێگە لەو گوتارە دژبوونە بگرێن کەلێرە ولەوێ لەلایەن ھەندێک حزب وسیاسەتمەدار لەپێناو دەسکەوت وبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەرزی دەکەنەوە وئامانجیان ئەوەیە لایەنی کەم ئەم دۆخە ناڕەوا ونایاساییە بەردەوامی ھەبێت.
ئاسیکردنەوەی ڕەوشی نالەباری ئێستای کەرکوک وچارەسەری کێشەی ئەم شارە لەچوارچێوەی واقعی سیاسی وکۆمەڵایەتییەکەی،پێویستی بە ستراتیژ وسیاسەتێکی نیشتمانی عەقڵانی ھەیە،بۆیە پێوێستە ئەم پەیامەی سەرۆک بارزانی وەک نەخشە ڕێگایەک لێی بڕوانین بۆ ھەنگاوەکانی ئایندەمان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشە مێژووییە قوڵەی نەتەوەکەمان.
 
Back to top button