دلاوەر ئاژگەیی: ئەمڕۆ له یەكێتی ئەورووپا باسی ھەرێمی كوردستان دەكرێت

بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی ئەورووپا كۆبوونەوەیەك ساز بكات و تێیدا باسی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا دەكرێت.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا بكەن.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا باسی عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەكرێت، لەوانە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا كە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن و جگە لەوەش باس لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.
ئهوهی شیاوی باسه، ئاشگهیی گوتیشی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە بەشداریی ئەندامانی یەكێتیی ئەورووپا لە برۆكسل بەڕێوە دەچێت، كە تێیدا باسی رەوشی چەند وڵاتێك دەكرێت، لەوانە رەوشی سوودان، ڤەنزوێللا، عێراق و ھەرێمی كوردستان.