ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی چەند بڕیاری گرینگی دەرکرد
هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.
دەقی بڕیارەکانى یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:
یەکەم: سەرجەم وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمیی وەزارەتەکانیان لە دەستپێکی دەوامی رۆژانی یەکشەممەوە تا کۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.
دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە کاتی دیاریکراوی دەوامی فەرمی و هیچ کەسێک بۆی نییە لە کاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی کارکردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان کارێکی دیکەی دەرەوەی ئەرکەکەی جێبەجێ بکات.
سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنیی کاروباری فەرمانبەریەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی کە بە نهێنی پۆلێن دەکرێن، لە دەرەوەی رێکارە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن.
چوارەم: هەموو وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی یاسا و ڕێنماییەکانی دەستەی دەستپاکیی کوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵکی خۆیان ئاشکرا بکەن.
پێنجەم: دەبێت رووتین لەدامودەزگانی حکوومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سکاڵا و پرسیاری هاووڵاتییان بە شێوەیەکی خێرا و گونجاو، ئەرکی دامودەزگاکانی حکوومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشکرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان هەبێت و هۆکاری هەر دواکەوتنێک یا رەزامەندی نەدانێک روون و ئاشکرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتییان بگیرێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا.
شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاکانی حکوومەتدا هەستی پێدەکرێت، بۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەکێک لەکارە لە پێشینەکانی وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت و سەرپێچیکاران بە توندی سزا دەدرێن.