عادل عەبدولمەهدی پەیوەندی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد رایگەیاندووە پێویستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات

 

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەكار بوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا,عادل عەبدولمەهدی پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی كردووە و هیوای سەركەوتنی بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان خواست,لە درێژەی پەیوەندیەكە رایگەیاندووە كە پێویستە لە زووترین كات كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن.

لەو بارەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا ئاماژەی بە گفتوگۆی نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووەو رایگەیاندووە:” عادل عەبدولمەهدی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكە ئومێدەوار بووە كە لە زووترین كات دەست بكرێت بە چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا, وە رایگەیاندووە پێویستە بەیەكەوە هاوكاربین بۆ ئەوەی تواناكانمان بخەینە ئاراستەیەك كە بە سوود و قازانجی هەرێمی كوردستان و عێراق بێت بەگشتی و خزمەتێكی شایستەی هاووڵاتیان بكرێت”.

بڕیارە رۆژی سێشەممە 16-7-2019 مەسروور بارزانی سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن، لەوانەش پرسی ناوچە كوردستانییەكان، نەوت و بودجە.

Back to top button