ئهمڕۆ شاندێكی باڵای ههرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سهردانی بهغدا دهكات
بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەمە، شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی کوردستان، بە سەردانێکی نیازپاکی بۆ چارەسەری دۆخی کەرکووك و پرسی نەوت، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی عێراق کۆ ببێتەوە، ھاوکات ئەو بڕیارانەی کە دوێنێ لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، سەبارەت بە رێکخستنەوەی دەوامی فەرانبەران و کەمکردنەوەی رۆتین و راییکردنی کاروباری ھاووڵاتیان و رێگریکردن لە بەرتیلدان دران، بەرز دەنرخێنرێن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دهست (خواكوڕك) كهوتوون،شاندەکەی حكومهتی ههرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن و لەشاری بەغداش لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبنەوە.
لەبارەی بەرنامەی كار و كۆبوونەوەكانی شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان (خواكوڕك) زانیویهتی: شاندی حكوومەتی ھەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرەتا سەردانی بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەكات و دیدار و چاوپێكەوتن ئەنجامدەدەن، دواتر شاندەكە لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆدەبنەوە.
دوای ئهوهی دوێنێ یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، کە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور، سەردانی بەغدا دەکات.