وەزیری دەرەوەی فەرنسا نامەیەك بۆ سەرۆكی هەرێم دەنێرێت و دەڵێت سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆ بەرهەمدارەی لە میانەی سەردانەكەت بۆفەرنسا لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن هەمان بوو
وەزیری دەرەوەی فەرنسا نامەیەك بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت, لە نامەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات دوای ئەوەی لە فەرەنسا لە پێشوازیت بووم, جارێكی دیكە دەمەوێت پیرۆز باییەكی گەرمت لێبكەم و هەروەها دەمویست سوپاستان بكەم بۆ ئەو گفتوگۆیە بنیاتنەرانەی له میانی سەردانەكەتاندا لە كەشێكی پڕ لە متمانەدا هەمانبوو.
دەقی نامەكەیەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان
جەنابی سەرۆك،
دوای ئەو خۆشحاڵی و شەرەفەی پێم بەخشرا بە پێشوازیكردنتان لە پاریس لە 10ی تەممووز، بە پێویستم زانی جارێكی دیكە گەرمترین پیرۆزباییی خۆم بۆ ئێوە نوێ بكەمەوە بە هەڵبژاردنتان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق و هیوای سەركەوتنتان بۆ بخوازم لە بەجێگەیاندنی بەرپرسیاریەتییە گەورەكاندا كە لەمەودوا هی بەڕێزتانن، هەروەها دەمویست سوپاستان بكەم بۆ ئەو گفتوگۆیە بنیاتنەرانەی له میانی سەردانەكەتاندا لە كەشێكی پڕ لە متمانەدا هەمانبوو.
ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، لە چەندین دەرفەتدا، پێزانینی زۆرم هەبووە بۆ لێهاتووییتان وەكو سەركردە و هەستی بەپرسیاریەتیتان، بەتایبەتیش لە میانی ئەو قەیرانەی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هاتە كایەوە، كە هەوڵە هاوبەشەكانمان بوونە هۆی هێوركردنەوەی ئەو گرژییەی هەڕەشەی لە سەقامگیریی عێراق دەكرد، هەروەها دەمەوێ دەستخۆشی لە ڕۆڵی یەكلاكەرەوەتان بكەم كە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامتان دا لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی كورد.
دەوڵەمەند بە دە ساڵی ڕابردوو وەكو سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، ئێوە ئەزموون و شەرعیەتی تەواوتان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێكی پڕ لە هیوا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و پتەوكردنی ئاسایشی هەرێمەكەتان و عێراق بە گشتی بەرامبەر هەر مەترسییەكی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریزمی جیهادی و جێبەجێكردنی ڕیفۆرمی پێویست بۆ خۆشگوزەرانیی كوردستانی عێراق.
فەڕەنسا لە كاتی ئاشتیدا لەگەڵ ئێوە دەمێنێتەوە وەكو چۆن لەكاتی جەنگدا لەگەڵ ئێوە بوو، وەفادار بەو پەیوەندییە میێژوویی و لەپێشینانەی پێكەوە گرێمان دەدەن كە جەنگی دژی داعش ئەو پەیوەندیانەی زیاتر پتەو كرد و پێداگیرە لەسەر پابەندیی خۆی بۆ ڕێزگرتن لە ئاواتەكانی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو و فیدراڵ و دیموكراتیدا. دەتوانن دڵنیا بن لە سووربوونی ئێمە بۆ قووڵكردنەوەی هەماهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق لە هەموو بوارەكاندا.
ڕێزدار جەنابی سەرۆك، تكا دەكەم كە بڕوا بە ستایشی بێپایانم بكەن.
ژان ئیڤ لۆدریان