پارتی بەتەمای حكومەتی زۆرینەیە
رێبوار كەریم وەلی
(1)
لە دوای 23ی حوزەیرانی پارساڵەوە، ئەگەر هەوڵی پەرلەمانییەكان (گۆڕان، بەشێكی یەكێتی، كۆمەڵ و بەشێكی یەكگرتوو) بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم سەری گرتبایە، رەنگبێ بیانتوانیبا بە هەمان میكانیزم، دوای هەمواری یاساكە، وەرەقەیەكی دانوستاندنی نوێ بۆ گۆڕینی تێكڕای پێكهاتەی حوكم بخەنە بەردەم پارتی و، لەوەشیاندا، دوای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، دوو پۆستی دیكە دەكرانە ئامانج: سەرۆكایەتیی حكومەت و ئەنجوومەنی ئاسایش. كە ئەو كارتە سووتا و پارتی توانی كۆنترۆڵی وەزعەكە بكات، ئیتر دوای ئەوە رێگەی نەدا پەرلەمانییەكان لە دەرەوەی پەرلەمان توانای خۆكۆكردنەوەیان هەبێ و هەنگاوەكانیش بە ئاراستەی كۆكردنەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی هەولێر، گوشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ سەر پارتی و لە كۆتاییشدا، رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان گۆڕان و یەكێتی (كە بۆ گۆڕینی تەرازووی هێز بوو بەڵام بەهۆی دانپێدانەنانی پارتی فەشەلی هێنا)، هیچ ئەنجامێكی نەبوو.
ئێستا پارتی هەمان ئەو كارتەی بەدەستەوەیە كە پاش و پێش 23ی حوزەیران لە دەستی پەرلەمانییەكاندا بوو، بەڵام بەهۆی هەرزەكاریی سیاسییەوە سووتاندیان. بەڵام پارتی بە سەبرەوە مامەڵە دەكات و، ساڵێك وەستا تا بەرامبەرەكانی هەموو كارتەكانی خۆیان تاقی بكەنەوە و نائومێدیان بكات. هەر چەند مانگێك پێش ئێستا بوو كە فوئاد حوسێن، بە راسپاردەی بارزانی دوو گەڕی دانیشتنی لەگەڵ حیزبەكان بەڕێوە برد، بەڵام بێئەنجام بوو، چونكە بنەمای دانوستاندنەكان، درێژەپێدان بوو بە حكومەتی ئیئتیلافی، ئیئتیلافێك كە بە مردوویی لەدایك بوو! ئێستا لەم گەڕەی دانوستاندنی حیزبە سیاسییەكاندا، دەبێ مەبنای گفتوگۆكان بگۆڕدرێت، ئەگەرنا هەمان تاس و حەمامە. مەبنای گفتوگۆكان، لەسەر حكومەتی زۆرینەی بچووككراوە بە سەرۆكایەتیی پارتی و، بە پشتیوانیی هەردوو باڵەكەی یەكێتی نیشتمانی، یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبەكانی دیكەی ناو پەرلەمان دەبێت. پارتی لە ژێرەوە، لەگەڵ هەردوو باڵەكەی یەكێتی رێككەوتووە، یەكگرتووی ئیسلامیش لە سۆنگەی سەركردایەتیی ئێستای توانای بڕیاردانی هەیە و رەنگبێ بتوانێ كۆمەڵیش بێنێتەوە ناو بازنە، بۆیە گفتوگۆكانی ئەمجارەی پارتی لەگەڵ حزبەكانی دیكە، چوارچێوەكەی پێشوەختە دیارە. پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی لە هاوكێشەكە هێناوەتە دەرەوە و لایەنەكان سەرپشكن بۆ دیاریكردنی كەسێك (مەعلوم بە چ میكانیزمێك) تا هەڵبژاردنی داهاتوو. ئەوەی دەمێنێتەوە پەرلەمان و حكومەتن كە پارتی مەبەستیەتی لە نێوان هەردوو باڵەكەی یەكێتی و ئیسلامییەكاندا بە هاوسەنگی دابەشیان بكات.
پارتی دەتوانێ؟
(2)
لەم بارودۆخەی ئێستادا، كارتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران لە زۆنی سەوز و نیلی، تاكە ئامرازی گوشاری دەستی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ سەر حكومەت و، پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوچەیی هەوڵی ئەوە دەدەن كە ئەو كارەتەشیان لەدەست دەربێنن، چونكە ئاشكرایە كە ناڕەزایەتییەكان هەمووی هەر بۆ مووچە نییە و ئامانجی سیاسیشی لەپشتە. یەكێتی و بەتایبەتیش باڵی ماڵبات، نایەوێ 17ی شوباتێكی دیكە دووبارە بێتەوە و دەبێ باڵادەستیی خۆی بسەلمێنێت.
بۆیە ماوەیەكە هەموو توانای خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی وەزعەكە گرتووەتە بەر. بۆیە دوای ئەوەی بارودۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، یان دەبێ گۆڕان قەبوڵی واقیعی نوێ بكات، یان ئەوەتا دەكەوێتە دەرەوەی بازنەی حكومەتەوە.
پێناچێ گۆڕان بیەوێ تەسلیمی ئەو واقیعە بێت، بۆیە لە بەیاننامەكەیاندا، سەرباری ئەوەی كە قەبوڵیان كردووە بە تەنها و بێمەرج، لەگەڵ پارتیدا دانیشن، بەڵام ناتوانن لە پرۆژەی ئامادەكراویان بۆ دانوستاندنەكان، تەنازولی وا بكەن كە بەرامبەر دەنگدەرەكانیان هەست بەشەرمەزاری بكەن. گۆڕان ئەم گەڕەی دانوستاندن وەك دەرفەتێك بۆ خۆیەكلاكردنەوە دەبینێت و، چاوەڕێی ئەوەیە كە لایەنەكانی دیكە لەببەیك بۆ پارتی لێدەن و، ئەوجا بە ئاسپایی لە حكومەت بچێتە دەر.
بەو پێكهاتەیەی ئێستای پەرلەمان، پارتی لەگەڵ یەكێتی، یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبەكانی دیكە توانای گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەیەكی دیكەی حكومەت (یان تەعدیلی وەزاریی) هەیە و، ئەوەش هەمان ئامرازە كە پێشتر پەرلەمانییەكان لەبەرامبەر پارتی بەكاریان هێناوە و پارتیش بۆی هەیە هەمان كار بكات مادام باس لە دیموكراسیی پەرلەمانی دەكرێت. بۆیە پارتی كە ئێستا قۆناغێكی سەختی دوو ساڵیی لە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی لە حوكمڕانیدا دەرباز كردووە، لەمەودوا دەربەستی بەشداریكردن یان نەكردنی گۆڕان نییە لە حكومەتدا و، ئەگەر هەر لایەنێكیش بەشداریی گۆڕان بكاتە مەرج، مانای ئەوەیە لەگەڵ درێژەپێدانی ئەو وەزعەی ئێستایە.
بۆ هەدەپە بوو یان عەبادی؟
(3)
سەردانی سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی بۆ ئانكارا، هەر وەك خۆیشی رایگەیاند، فرە مەبەست بوو، بەڵام مەبەستی سەرەكی رەنگبێ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی ئێستای بەغدا و ئانكارا بێت، بە نێوانگیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان (چونكە وەك خۆیشی گوتی، تازە مەوزووعی هەدەپە لەدەست دەرچووە). دیداری بارزانی لەگەڵ سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران و دوای ئەوانیش وەزیری دەرەوەی توركیا، دەلالەتە لەوەی كە (بارزانییەكان) لە هەوڵی كۆكردنەوەی پشتیوانیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدان بۆ مانەوەی عەبادی، چونكە پێدەچێ لەسەر داهاتووی وڵاتی بەناو عێراق (كە عەبادی خۆیشی هەندێك سەرەداوی ئاشكرا كرد) گەیشتبنە رێككەوتنێكی مەبدەئی. بۆیە گرنگە لەم قۆناغەدا، توركیا كە پاڵپشتی لە مانەوەی هەرێمی كوردستان و، دروستكردنی هەرێمێكی سوننی لە دوای نەمانی داعش دەكات، پەیوەندی و هەماهەنگییەكی پتەوی لەگەڵ عەبادی، بارزانی و سەرانی سوننەدا هەبێت و، بە سیاسەتەكانی هەم عەرەبی سوننە بۆ لای عەبادی پاڵ پێوە بنێت و، هەمیش رێگە نەدا مالیكی و دارودەستەكەی بیانوویان بۆ لابردنی عەبادی دەستبكەوێ.