حزبەکان دەگەڕێنەوە..کاتژمێری سیاسی زەنگ بۆ کاتێکی دروست لێ دەدات
تەنیا کوردی
ئێستا کاتژمێری سیاسی حزبە کوردستانییەکان زەنگ بۆ کاتێکی دروست لێ دەدات، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ جێبەجیکردنی پڕۆژەی سەربەخۆیی کوردستان کە سەرۆک بارزانی نەخشەی بۆ کێشاوە و لەسەر نەخشەی سیاسی و جیوگرافی ناوچەکەیشدا رەنگی داوەتەوە؛ رێک ئێستا حزبە سیاسییەکانی کوردستان ئاماژەی پێشوەختەیان داوە کە بەڵێ بۆ داهاتووی کوردستان دەبێ گشت لایەک بێنەوە ژێر کاریگەری ئەو پڕۆژەیە کە تاکە دەرفەتێکە بۆ زامنکردنی داهاتووی کوردستان و گەیشتن بە ئاواتێکی مێژوویی.
حزبە کوردستانییەکان تەواو تێگەیشتن کە ئیدی داعش تەواو، وایان دەزانی دەستی بێگانە درێژە بۆ لەباربردنی سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام بینیان کە ئەو دەستە تەمەنێکی کورتی سیاسی هەبوو، چونکە ئیڕادەی خەڵکی کوردستان و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە و سیاسەتی ئیدارەدانی سەرۆک بارزانی لە خوێندنەوەیەکی دوور بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی پێشوەختەی بۆ تێکشکاندنی داعش و بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێم، وایکرد کە ئیدی هەرێم بە دەستکەوتی سەرکەوتنی جەنگ و جیوگرافیا و دیپلۆماسی و گرەنتیکردنی داهاتوو پێبنێتە نێو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
بۆ حزبە سیاسییەکانی هەرێم روونبوویەوە کە ئیدی گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناویندا بەڕێوەیە، هەرێمی کوردستان دەبێ وەک یەک پاکێجی سیاسی و دیپلۆماسی بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گرەنتیکردنی داهاتووی لە ناوچەکەدا، بۆیە ئێستا یەکێتی و یەکگرتوو هەروەها حزبەکانی دیکەی کوردستان بەدەر لە گۆڕان، بۆ دانوستان لەگەڵ پارتیدا ئامادەی تێگەیشتنی زیاترن بۆ پێکهێنانی دەستەیەکی هەماهەنگی و گەڕانەوە بۆ رێگا دروستەکە کە کارکردنە لەسەر سەربەخۆیی کوردستان.
حزبەکان لەوە تێگەیشتن کە مانەوەی سەرۆک بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئامانج لەوەبوو کە هەرێمی کوردستان بێخاوەن نەبێ بۆ گرەنتیکردنی دەستکەوتەکانی داهاتوو و ئێستایش پێشبینی تەواو دەکرێ کە حکوومەت گۆڕانکاری نوێ بەخۆیەوە ببینێ و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و ئەو حزبانەی کە بە گەرمی پێشوازیان لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کرد، بە گەرمیش داوا لە بارزانی بکەن کە وەک سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، چونکە هەمووان تێگەیشتن کە بەدیلی بارزانی تەنیا بارزانی خۆیەتی.