راگەیاندراوێكی بەپەلە لە حكومەتی كوردستان لەسەر گەشتیارەكان و داوایە دەستبەجێ ئازاد كردنیان دەكات
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمرۆ 19ی 7ی 2019 بڵاو كراوەتەوە، تێیدا هاتووە”لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە بۆئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تاوەکو بە زووترین کات ئەو گەشتیارانە ئازادبکرێن.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە”ئاڵای كوردستان ئاڵایەكی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فرۆکەخانەکان و ھۆلەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.
دەقی راگەیاندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
راگەیێنراوێک لە لایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی دەستگیرکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا ، تووشی پەلاماردان و دەستدڕێژی بوونەوە بە هۆی ئەوەی ویستوویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنە بگرن ، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگە.
ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فرۆکەخانەکان و ھۆلەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.
بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ویڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە ، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لە گەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تاوەکو بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان