یەكگرتووی ئیسلامی خۆی بێ بەری دەكات لە ئەبوبكر هەڵەدنی
خواكوڕك
لەسەر قسەكانی ئەبوبكر هەڵەدنی ئەنجوومەنی كاروباری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی خۆی بێ بەری دەكات و رایدەگەێنێت كە بۆچوونەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان تەعبیری لە رای یەكگرتووی ئیسلامی ناكات و بۆچوونی تایبەت بەخۆیەتی و رای فەرمی حزب جیاوازە لە بۆچوونی ئەبوبكر هەڵەدنی.
لەمیانی لێدوان و دیمانەكانی ئەبوبكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسۆنی یەكگرتووی ئیسلامی چەندین جار دوور لە رای فەرمی حزبەكەی هێرش دەكاتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەدیاری كراوی بەڵام ئەمرۆ ئەنجوومەنی كاروباری سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی خۆی بێ بەری كرد لە قسەكانی ئەبوبكر هەڵەدنی رایگەیاند كە بۆچوونەكانی ئەبوبكر هەڵەدنی رای شەخسی خۆیەتی و تەعبیر لەرای یەكگرتوو ناكات.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەنجومەنی کاروباری سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی هاتووە “هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە بەشێك لە ناوەڕۆكی دیمانەكەی بەڕێز ئەبوبكر هەڵەدنی (سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمان كوردستان بۆ بەرنامەی (تاوتوێ)ی كەناڵی (NRT) ئێوارەی دوو شەممە ١١/٢٨، ڕاو بۆچوونی بەڕێزیانەو گوزارشت نیە لە سیاسەت و هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان”.