ئەمریكا ئۆپەراسیۆنی گاردیان لەڕێگای هێزێكی تایبەت لەكەنداو ئەنجامدەدات

 

لەگەڵ زیاد بوونی نائارمیەكانی كەنداو بە تایبەت گرژی زیاتری نێوان ئەمریكا و ئێران و بەردەوامی هەڕەشەكردنی ئەو دوو وڵاتە لە یەكتری, فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، وڵاتەكەی بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەی كەنداو و رێڕەوە ئاوییەكان، بەنیازە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورە بەناوی گاردیان ئەنجام بدات.

فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوەدەكات، ئۆپەراسیۆنی گاردیان، بەمەبەستی پەرەپێدانی چاودێرییە ئەمنییەكان دێت لەرێڕەوە ئاوییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات پاراستنی ئەو كەشتیانەی كە لە ئاوەكانی كەنداو دێن و دەچن، ئەویش لەچوارچێوەی بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردوو دێت كە لەو ناوچەیە لەبەرامبەر چەند كەشتییەكی نەوت هەڵگر روویاندا، كە دیارترینیان راگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری بەریتانی بوو لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریاوانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

هەروەها میداكانی ئەمریكا رایانگەیاندووە كە كاربەڕێكەری كاروبارەكانی ریچارد سپێنسەر وەزیری بەرگری ئەمریكا، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رەوانەكردنی یەكەیەكی سەربازی هێزەكانی مارینزی وڵاتەكەی بۆ ناو خاكی سعوودیە, كە پێشوتر واشنتۆن رایگەیاند بوو ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئاسایشی دەریاوانیە لەناوچەی كەنداو و هەروەها پاراستنی رێڕەوە ئاوییەكانی كەشتییەكان و كەمكردنەوەی دڵە راوكێی كۆمەڵی نێودەوڵەتی.

لەماوەی كەمتر لە چەند مانگی رابردوودا، دوای ئەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەچوارچێوەی دروستبوونی بارگرژییەكانی نێوان وڵاتەكەی و دەسەڵاتدارانی تاران، چەند كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری سەربازی رەوانەی ئاوەكانی كەنداو كرد، لەبەرامبەردا حكومەتی تاران هەڵوێستی تووندی نواندو واشنتۆنی بە نانەوەی ئاژاوە لەناوچەكە و كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە تۆمەتباركردووە.

Back to top button