غالب محەمەد: لە سلێمانی بەنزین بۆ كوڕی بەرپرس بە 450 دینارە بۆ خەلكی ئاسایی بە 700 دینارە

 

دوای ئەوەی هەریەكە لە غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڤاڵ ئەبوو بەركر پارێزگاری سلێمانی كەهەردووكیان لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانن, چەند پەیامێكی توندیان لە بارەی بری نەوتی سپی و بەنزین كە بۆ ئاوارەكان نێردراوە ئاراستەی یەككرد, غالب محەمەد لە وەڵامی قسەكانی پارێزگاری سلێمانی كە گوتبووی یەك لیتر نەوتیش بەهەدەر نەدراوە غالب محەمەد دەڵێت:” پارێزگارێك ئاگای لە بری بەنزین و نەوتی هەنێردراو نەبێت كە بۆ ئاوارەكان هاتووە پێ دەگوترێت گەندەڵی ئیداری”.
د.غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەپرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی رایگەیاند”لەساڵی 2018 دا 21 ملیۆن و 267 هەزار لیتر بەنزین بە ناوی ئاوارەكانەوە هاتۆتە ناو سلێمانییەوە و پاش قسەكردن لەگەڵ نوسینگەی ئاوارەكان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەدەن هیچ بەنزینێكیان بەكارنەهێناوە، واتە حكومەتی سلێمانی ئەم بەنزینەی بەكارهێناوە بۆخۆی بە نرخی 450 دینار كڕیوێتی و بۆ فەرمانگە حكومییەكان بەكارهێنراوە، دەتوانم بڵێم حكومەتی سلێمانی بەنزین بە نرخی 450 دینار بە كوڕە بەرپرسەكانی دەفرۆشێت و بۆ كوڕی فەقیر بە 700 دینار بۆ هەر لیترێك”.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق دەشڵێت:” لە پارێزگای سلێمانی 23 ملیۆن و 481 هەزار لیتر گاز بە ناوی ئاوارەكانەوە وەرگیراوە، بەڵام پاش لێكۆڵینەوە ئاوارەكان یەك لیتریان وەرنەگرتوە، ناكرێت مۆلیدە ئەهلیەكان گاز بە نرخێكی گران بكڕن و كرێ لەسەر هاووڵاتیان گرانبكرێت، بەڵام ئۆتۆمبێلی بەرپرسان و دەزگا حكومیەكان كە بۆ كاری تایبەت بەكاریدەهێنن، بە نرخی 450 دینار بۆ لیترێك بەنزین بكڕن.

Back to top button