پۆلیسی سۆران: کچێك لەلایەن برایەکیەوە کوژرا
درەنگانی شەوی رابردوو كچێكی 17 ساڵان لە شارەدێی خەلیفانی سەر بە شارۆكەی سۆران دەكوژرێت و پۆلیسی ناوچەكەش بكوژەكە ئاشكرا دەكات.
رائید سەعدون نەبی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران رایگەیاند، “کاتژمێر 12:05 خولەکی شەوی رابردو لە لایەن نەخۆشانەی خەلیفان ئاگادارکراینەوە بەبونی تەرمێک، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ نەخۆشخانە دەرکەوت ناسنامەی تەرمەکە ( س س ع ) لە دایک بوی ساڵی 2002 و کچی ماڵەوەیە و خەڵکی گوندی تارینای سنوری ناحیەی خەلیفانە”.
ئاماژەی بەوەشکردووه، “بەپێی وتەی باوکی ئەو کچە لەلایەن برایەکەی بە چەکی کلاشینکۆف کوژراوە”.
وتەبێژی پۆلیسی سۆران ئەوەشی خستەڕو، “بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار پۆلیس چوەتە شوێنی روداوەکە، بەڵام تۆمەتبار رایکردبو، لە ئێستادا دۆسیە بۆ ئەو روداوە کراوەتەوە و ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار”.
ئەمساڵ ژمارەیەك رووداوی كوشتن و خۆكوشتن لە دەڤەری سۆران تۆمار كراون، شارەزایانیش هەبوونی چەكی بێ مۆڵەت بە یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربوونی رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن دەزانن.