چەك و دیاردەی تیرۆر
سەباح ئاودەل
لە توێژینەوەیەك دا دەرکەوتووە ووڵاتانی جیهانی سێیەم زۆرترین ڕێژەی چەکیان کڕیوە و دیاردەی چەك هەڵگرتن لە لایەن هەرزەکاران و هاوڵاتیانی ئاسایی مایەی نیگەرانی و بێزاری خەڵکی لێ کەوتووتەوە و پێیان وایە لە دوای هەر خەم و پەژارەیەك و تاوانێك چەکێك هەیە کە بەزەیی بەکەس نایێتەوە و یارمەتیدەرە بۆ ئەنجام دانی تاوان
ئەو دیاردەیە لە کۆمەڵگەیەك بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازی هەیە و یاسای تایبەتی خۆی هەیە بۆ پێدانی موڵەتی چەك هەڵگرتن و لە کوردستان بەهەمان شێوە یاسای ژمارە 16 ی ساڵی 1993 تایبەتە بە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە پێیدا تێپەڕیوە لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 91 و تەشەنەی بڵاوبوونەوەی چەك لە نێو خەڵك و شەڕی نێوخۆیی و پاشان ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆرستانی داعش ئەمانە هەموو هاندەر بوون بۆ بەدەست هێنان و هەڵگرتن و زۆر بوونی چەك
بەپێ ئامارێكی وەزارەتی ناوەخۆ لە ساڵی 2018 دا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان 4943 موڵەتی چەك هەڵگرتیان بە هاوڵاتیان دراوە ولە ئامارێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم لە ساڵی 2018 تا شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ واتە لە ماوەی ساڵ و نیوێك دا 515 کەس بە چەکی جۆراوجۆر کوژراون
لە نیوزلەندا پار ساڵ هێرش کرایە سەر دوو مزگەوت ” مزگەوتی نور و مزگەوتی لینۆد ” لە ناوچەی هاگلی پاڕك لە لایەن کەسێکی توندڕەو بە چەکی تۆماتیك 50 کەسی کوشت چگە لە برینداربوونی 50 کەسی دیکە و ئەو ڕووداوە وای کرد سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا ” جاسیندا ئاردێرن ” بڕیاری قەدەغەکردنی چەکی دەرکرد و لە لایەکی دیکەوە بڕی ” 200 ” ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ کڕینەوەی چەك لە هاوڵاتیان و هەر جۆرە چەکێك نڕخێکی بۆ دیاری کرا ،
نیوزلەندا ووڵاتێکە لە چەند دوورگەیەك پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی ” 4794000 ” کەسە ولەو ووڵاتە دا نزیکەی ملیۆنێك تا ملیۆن و نیوێك هاوڵاتی چەکیان هەیە و لەو ژمارەیە دا تەنها 250 هەزار کەس موڵەتی چەك هەڵگرتنیان هەیە
هەرێمی کوردستان پێویستی بە بڕیارێکی هاوشێوەی نیوزلەندایە و بڕە پارەیەکی تەرخان بکات بۆ کڕینەوە و کۆکردنەوەی چەك و هەر جۆرە چەکێك نڕخێکی بۆ دیاری بکرێت ، لەو کارەدا هاوڵاتی زەرەرمەند نابی و ڕێژەی تاوان و تیرۆر کەم دەبیت و حکومەتی هەرێم چەکێکی زۆری بەردەست دەبێ كە ئەمەش خاڵێكی هێلی گشتی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە”.