بارزانی و بایدن قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ تاوتوێ ده‌كه‌ن

خواكوڕك

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تاوتوێ كرا

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 29ـی 11ـی 2016 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و خانەوادەی هەموو ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها پیرۆزبایی و دەستخۆشیشی لە هێزی پێشمەرگە كرد بە بۆنەی ئەو سەركەوتنانەی لەبەرانبەر تیرۆریستاندا بەدەستیان هێناوە.

لە بەشێكی تری ئەم پەیوەندییەدا هەردوولا هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق بە باش وەسف كرد كە دەستكەوت و سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و بە پێویست زانرا ئەو هەماهەنگییە بەردەوام بێت و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ ئەو هەماهەنگییە دووپاتكردەوە.

هەر لەو پەیوەندییە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد كە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگییەكەی بووە لەگەڵ هێزەكانی عێراقیدا.

Back to top button