سبەی لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستان بارانبارین دەستپێدەكات
خواكوڕك
لەماوەی 24 كاتژمێری تر لە هەرێمی كوردستان باران بارین دەست پێدەكات, شەپۆلی باران بارینەكە ماوەی 48 كاژێر بەردەوام دەبێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووداو، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كەشناسیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 30-11-2016ـەوە شەپۆلێكی بارانبارین سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
بەگوتەی فازڵ ئیبراهیم گۆڕانی كەشوهەوا و شەپۆلی بارانبارین تاوەكو نیوەڕۆی رۆژی هەینی 2-12-2016 بەردەوام دەبێت، لە رۆژی شەممەوە كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
فازڵ ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەكات، بارانبارین هەموو ناوچەكان دەگرێتەوە، بەڵام رێژەكە لە ناوچەكانی باكوور و باكووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی هەزار و 500 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزترن.
بەپێی پێشبینی كەشناسیی هەرێمی كوردستان جگە لە باران، لە رۆژی پێنجشەممە 1-12-2016 پێشبینی بەفربارین دەكرێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان و هەمان رۆژیش پلەكانی گەرما زیاتر دادەبەزن.