پۆسته‌ی كوردستان به‌ سیسته‌مێكی جیهانییەوە ده‌به‌سترێته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ سیسته‌می (IPS) جیهانی ده‌به‌سترێته‌وه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ش گرنگی زۆری هه‌یه‌ له‌ پێشخستنی فەرمانگەکە.

ئومێد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، “له‌ ئه‌نجامی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ پۆسته‌ی عێراقی هه‌ندێک ئامانجمان به‌ده‌ستهێناوه‌، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كان به‌ستنه‌وه‌ی پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ سیسته‌می (IPS) ی ئه‌نته‌رنێت، كه‌ سیسته‌مێكی جیهانیه‌ و پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌ ته‌واوی پۆسته‌ی وڵاتانی جیهان ده‌به‌ستێته‌وه‌، عێراقیش به‌شداری ئه‌و سیسته‌مه‌ی كردوه‌”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتی له‌ رێگه‌ی ئه‌وسیسته‌مه‌وە ده‌توانن به‌دواداچون بۆ پۆسته‌كه‌ی خۆیان بکەن سه‌باره‌ت به‌ گه‌یشتنی پۆسته‌ و كاتی گه‌یشتنی.

پۆسته‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌رتی گشتیه‌ و كه‌لوپه‌ل به‌ نرخێكی هه‌رزانتر له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی دەرەوەی وڵات ده‌كات، كه‌ بە تەنها له‌ رێگه‌ی هێڵی ئاسمانی ده‌گوازرێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، “پۆسته‌كان راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ی ئه‌و شوێنه‌ ناكرێت كه‌ بۆی ده‌نێردرێت، به‌ڵكو به‌ چه‌ند قۆناغێك ده‌بێت، ئێمه‌ ده‌توانین زانیاری له‌باره‌ی شوێنی پۆسته‌كانمان بگه‌یەنین، هه‌ر كێشه‌یه‌ك روبدات راسته‌وخۆ ئاگاگاری ده‌بین”.

رونیشیکردەوە، وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كان كار به‌و سیسته‌مه‌ ده‌كه‌ن، گرنگیه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌ بواری پێشخستنی پۆسته‌، له‌هه‌مان كاتیش كارئاسانی زیاتر له‌و بواره‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پێشكه‌وتنی زیاتری پۆسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

Back to top button