مەلا بەختیار: بەرھەم ساڵح پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی رێگای پێبدەن بچێتە ھەولێر
دوای ئەوەی مەلا بەختیار، پرۆژەیەكی بۆ رێكخستنەوەی یەكێتی ڕاگەیاند، تێیدا بە چەند دێرێك باسی بەرھەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراقی كرد، لەلایەن پەڕلەمانتار و میدیایی نزیك لە بەرھەم ساڵحەوە ھێرشی توند كرایە سەر مەلا بەختیار، لە نوێترین وتاریدا مەلا بەختیار ھەڕەشەی ئاشكراكردنی شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراق دەكات و دەلێت”ناچار دەبم راستیەكانی پشتی پەردە بدركێنم. ئەوكاتە چش، چی دەبێ با ببێ”.
مەلا بەختیار لەو وتارەدا لەبارەی قسەی پەرلەمانتارێکی بەغداد کە وتبوی بە پرۆسەیەکی دیموکراسی سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق هەڵبژێردراوە، دەڵێت “ئەوانەی ویژدانیان ماوەو ئاگایان لە سیناریۆی چۆنێتی دانانی ئەم سەرۆكەیە، ئێستا نەفرەت لەو مێژووە دەكەن، ئەگەر ئەم نوسەرانە بینوسن. ئاخر درۆهەڵبەستن بگاتە ئەم رادەیە، ئیتر بڕوانامەو پەرلەمانتاری و پرەنسیپ، خراوەتە ناو چ زەلكاوێكی چەواشەكاریەوە؟ ئەگەر ئەم كەسە، لە ناو جۆگەی هەلپەرستیەكەیەوە، كە لە هەردوو دیوی جۆگەكە، دەجوێ، سوربێت لەسەر ئەوەی گوایە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا سەرۆكی عێراق هەڵبژێردراوە، من ناچار دەبم راستیەكانی پشتی پەردە بدركێنم. ئەوكاتە چش، چی دەبێ با ببێ”.
لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا دەلێت:”بەندە، نە بستێك ئەرزم لە هەولێر هەیە و نە ڤیلا و كۆشكی تایبەتی، كۆمپانیاشم لە دهۆك و هەولێر نییە. قەت، لەسەر تەلەفزیۆن موزایدە ناكەم و بە نهێنیش واسیتە بكەم، بەڕێز مەسعود بارزانی بمبینێ. سیاسەتی سەنگین و هاوسەنگی دەپارێزم و، ناشپاڕێمەوە، قبوڵم بكەن بچمە هەولێر. یان بە زەلیلی لە هۆڵی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دانیشم و سەرۆكاو خەست بكەمەوە”.