سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات

 

دوای ئەوەی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمڕۆ بۆریس جۆنسۆن وەک سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەڵبژێردرا، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ نامه‌یه‌كدا پیرۆزبایی لە جۆنسۆن كرد، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كار و ئه‌ركی نوێیدا.

لە نامەکەی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە:” پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه‌ به‌ سەرۆکی پارتی پارێزگاران. بێگومانم کەوا ئەزموون و سەرکردایەتیی بەڕێزتان زۆر گرنگ و سوودبەخش دەبن بۆ داهاتووی شانشینی یەکگرتوو”.

ئه‌مه‌ ده‌قی نامه‌كه‌یه‌:

بەڕێز بۆریس جۆنسۆن،

پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتانه‌وه‌ به‌ سەرۆکی پارتی پارێزگاران. بێگومانم کەوا ئەزموون و سەرکردایەتیی بەڕێزتان زۆر گرنگ و سوودبەخش دەبن بۆ داهاتووی شانشینی یەکگرتوو.

هەرێمی کوردستان شانازی بە پەیوەندییەکانییه‌وه‌ لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو دەکات، هیوادارم لەژێر سەرکردایەتیی بەڕێزتاندا وەک سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆك وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو، پەیوەندییەکان زیاتر پێشکەون.

ڕۆڵی بەرچاوی شانشینی یەکگرتوو لە پشتگیری و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆر زۆر گرنگ دەنرخێنین. لەژێر سەرکردایەتیی بەڕێزتاندا، هەرێمەکەمان هیوای بەردەوامی بەو پشتگیرییانه‌ی شانشینی یەکگرتووە بۆ پاراستی سەقامگیریی ئەو بەشە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەگەڵ ڕێزدا..

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

23/7/2019

Back to top button