سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای عێراق کۆبوونەوە

 

دوای ئەوەی شاندێکی باڵای عێراق بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ شاندی حکومەت، دواتر لەگەڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکران هه‌ردوولا هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌یان به‌ ده‌رفه‌تێكی باش زانی تا بتوانن چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق بدۆزنه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی كۆبوونه‌وه‌كان بۆ لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر كه‌ له‌ به‌رژەوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا بێت، كۆك بوون.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌ڵوێستی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ و لیژنه‌ی باڵای هاوبەشی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالى كرد كه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتیی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوولا نیشان دا و وێڕای جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش و یه‌ك تیمی‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ تێڕوانین و بڕیاری هه‌رێمی كوردستان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره‌ له ‌چوارچێوه‌ی عێراق و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كه‌ ببێته‌ هۆكاری سه‌قامگیری و به‌رەو پێشبردنی په‌یوه‌ندیی هه‌ردوولا.

Back to top button