گۆڕان بۆ یەكێتی: ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی ئێمەیە
هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، لێدوانی جیاواز لەسەر پۆستی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەدەن و هەردوو لایەنیش ئەو پۆستە بە هی خۆیان دەزانن و كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە ئامادە كردووە.
پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە دوای وەزیری پێشمەرگەوە، بەدووەم بەرزترین پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە هەژمار دەكرێ و لە ساڵی ٢٠٠٩وە لای یەكێتییە و جەبار یاوەر لەو پۆستەدایە، بەڵام لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا یەكێتی و گۆڕان هەردووكیان ئەو پۆستە بە هی خۆیان دەزانن و داوای دەكەن، هەرچەندە وەزیر لە یەكێتییە.
خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بەپێی ڕێككەوتنی ئێمە و پارتی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پشكی گۆڕانە و ئەو پۆستە بە مافی ڕەوای خۆمان دەزانین، بۆیە پێویست ناكات یەكێتی داوای بكات.
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەناو ئەو وەزارەتەدا هاوشانی سوپاسالارە، بەڵام سوپاسالار كاروباری سەربازی لە ئەستۆدایە و ئەمیندار كاروباری مەدەنی ناو وەزارەت.