وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان داوای زانیاری لە كۆمپانیاكانی نەوت دەكات

خواكوڕك

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمێكی تازەی تۆماركردنی كۆمپانیاكانی بواری نەوتی راگەیاند, چونكە ئەوەی ئێستا هەیە لەسەرەتایی ساڵی 2017 بەسەردەچێت, پێویستە دووبارە كۆمپانیاكان زانیارییەكانیان بنێرنەوە.

لە ئاگادارییەكدا بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان كە لە مالپەڕی فەرمی وەزارەتەكەیان بڵاوكراوەتەوە داوا لە هەموو كۆمپانیا نەوتیەكان دەكات ئەوانەی ئارەزووی كاركردنیان هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئەوانەی ئێستا كار دەكەن، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، داوای دووبارە ناردنەوەی زانیارییەكان دەكات, وە هەر كۆمپانیایەك نەتوانێت سەردانیان بكات، لە ڕێگەی لینكێكەوە بڵاوی كردۆتەوە دەتوانن زانیارییەكانیان بنێرن.

 

ئەمەش دەقی ئاگاداریەكەیە:
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بە خۆشحاڵییەوە دامەزراندنی سیستمی نوێی تۆماركردنی كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوت (OSC) و لیستی فرۆشیارە پەسەندكراوەكان (AVL) لەرێی پۆرتاڵی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە رادەگەیەنێت كە ئێستا كراوەیە بۆ وەرگرتنی داواكارییەكان. دوای تاقیكردنەوەی ئەو سیستمە بە سەركەوتوویی بۆ ماوەی ٨ هەفتە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان داوا دەكات لە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری نەوت (OSCs) ، ئەوانەی كە خوازیارن خزمەتگوزارییەكانیان پێشكەش بە كۆمپانیاكانی سەركار لە هەرێمی كوردستان بكەن، ناوی خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تۆماربكەن و بەشداربن لە لیستەكانی پەسەندكراوی فرۆشیاران (AVLs) ی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان.

ئەم سیستمە نوێیە ریگەدەداتە كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری نەوت بۆ ئەوەی:

لە هەر شوێنێكی جیهان و لە دوورەوە داوای تۆماركردنی ناوەكانیان بكەن
جۆری خزمەتگوزارییەكانیان لە چوارچێوەی كۆمەڵە كاتالۆگێكی هەمەلایەنی لیستەكانی فرۆشیارە پەسەندكراوەكان(AVLs) هەڵبژێرن
راستەوخۆ داوابكرێن بۆ بەشداریكردن لە تەندەرەكان لەرێی سیستمی AVL وە
دڵنیابن لە بەشداری پێكردنیان لە هەموو ئەو تەندەرانەی كە پەیوەستن بەو خزمەتگوزارییانیەی پێشتر تۆماریانكردووە
گۆڕانكاری لە پرۆفایلی خۆیان بكەن بەشێوازێكی ئاسان و لەرێی سیستمێكی سەلامەت
وەك بەشێك لە پرۆسەی تۆماركردن، كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری نەوت داوایان لێدەكرێت ئەو زانیارییانە رادەست بكەن كە پەیوەستن بە رەوشی دارایی، چۆنییەتی كاركردن، چۆنییەتی رەچاوكردنی مەرجەكانی سەلامەتی و پەرەپێدانی كۆمپانیاكان، هەروەها ئەو زانیارییە تەكنیكییانەی كە پەیوەستن بەو لیستانەی كۆمپانیاكان خوازیارن ناویان تێیاندا تۆماربكرێت و زیاترن لە 200 لیست.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هانی ئەو كۆمپانیانەی بواری خزمەتگوزاری نەوت دەدات كە پێشتر لە سیستمی كۆندا تۆماركراون، هەرچی زووترە دەست بە داواكاری بكەن بۆ تۆماركردنی نوێ، چونكە سیستمی كۆن تا سەرەتای ساڵی 2017 ئیكسپایەر دەبێت و كاری پێناكرێت و تەنیا ئەو كۆمپانیانەی كە ناویان هەیە لە لیستەكانی نوێی فرۆشیارە پەسەندكراوەكان(AVLs) شیاون بۆ وەرگرتنی داواكاری بۆ بەشداریكردن لە تەندەری كۆمپانیاكانی سەركار كە لەرێی پۆرتاڵی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە رایدەگەیەنن.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەن بە registration@mnr.krg.org. وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان هەروەها هانی ئەو كۆمپانیانە دەدات كە نیازی تۆماكردنی داواكارییەكانیان هەیە بۆ ئەوەی بەشداری بكەن لە كۆنفەرانسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان-عێراق كە لە رۆژانی 5-7 ی مانگی كانوونی یەكەم لە لەندەن بەرێوەدەچێت. لە كۆنفەرانسەكەدا تیمی تۆماركردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئامادەن بۆ وەڵامدانەی هەر پرسیارێك.

 

Back to top button