كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر گرژی تێكەوت 60 كادری باڵای یەكێتی هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوە دەكەن.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی مەلبەند و كەرتەكانی كۆبوویەوە, كە شەش ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لەگەڵ (300) كادری مەڵبەندو كۆمیتەكانی هەولێر كۆبوونەوە بەر لە تەواو بوونی كۆبوونەوەكە گرژی كەوتە نێو كۆبوونەوە.
سەرچاوەیەكی نێو كۆبوونەوەكە كە نەیویست ئاماژە بە ناوەكەی بدەین بە (خواكوڕك)ـی راگەیاند:” دوای ئەوەی شەش كەس لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی ولەگەڵ ئێمەی بەرپرسانی مەلبەند و كۆمیتەكانی یەكێتی كۆبوونەوە, ئێمە داوای بەستنی كۆنگرەمانكرد, بەڵام دەرفەتی قسەكردن تەنها بەوانە درا كە جگە لە دەست خۆشی شتێكی دیكەیان نەدەگوت, پێشمان وایە ئەو كەسانە پێشتر دیاری كرابوون كە بەم شێوەیە قسە بكەن.
بەرپرسێكی كۆمیتە ویستی رەخنەی هەمە لایەنە لەسەر دۆخی یەكێتی و ئەم قەیرانەی تێیكەوتوە و بە نیگەرانیشەوە قسەی لەسەر بڕیاری (توافق)ی بەستنی كۆنگرە كرد كە خواستی زۆرینەمان بوو, بەڵام رێگا نەدرا قسەكانی تەواو بكات, ئەمەش بووە سەرچاوەی ناكۆكیەكەی ئەمڕۆی نێو كۆبوونەوەكە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتیشی:” ئەوانەی سەركەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی یەكێتی و راپەراندنی ئەركەكانیان لە رابردوو ئەمڕۆ ویستیان ئەو ئازادی رادەربڕینەی ناو یەكێتی قەتیس بكەن, بەمەش زیاتر لە 60 كەس كۆبوونەوەكەی بایكۆتكرد و نامەی ناڕەزایەتی دایە یەكێتی كە وای بۆدەچم بە دەست لە كاركێشانەوە كۆتایی بێت, چونكە بەڕاستی ئێمە لە سنوری هەولێر هیچ قورسایەكمان نیە لە نێو سەركردایەتی یەكێتی و بە چاوێكی زۆر جیاواز سەیرماندەكرێت و مامەڵەمان لەگەڵ دەكرێت”.