جەمالەدین سیاسیەکى دووڕوو لە بەرگى پیاوێکى ئاینى
هەلوێست میرانی
ئەیاد جەمالەدین کەسایەتى دیارى شیعەو پەرلەمانتارى پێشووى عێراق, لە دەربریندا تێکەڵەیەکە لە (عەلمانى – لیبرال – مارکسى ) لە رووخساریشدا شیعەیەکى عەمامە ڕەشە , زۆرترین قسەى ئەو پیاوە عەمامە ڕەشە دژایەتى کردنى دروست کردنى دەوڵەتێکى دینى یە و دژى دەستوەردانى مەرجەعیەتى شیعەکانە لە سیاسەت و کاروبارى دەوڵەت , لەگەڵ ئەمانەشدا پێى وایە دیموکراسیەت دەبێ بە زەبرى هێز و لولەى چەک بسەپێندرێ . مەبەست دژایەتى کردنى جەمالەدین بۆ رێبەرانى ئاینى شیعە خۆ ناساندنیەتى لە شەقامى عێراقى .
جەمالەدین بەوە ناسراوە هێڵە سورە ئاینیەکان دەبەزێنێ , لە کۆمێنتێک پەیامبەر موحەمەد ( درودى خواى لە سەر بێ ) بە جاهیل ناو دەبات ..!
جەمالەدین پێشتر دژ بە سیاسەتەکانى سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان دەوەستایەوە و لێدوان و کۆمێنتى دژ بە سیاسەتەکانى هەرێم بوون , لە پاڵ قسە گوتن بە سەرۆک مەسعود بارزانى مەتح و سەناى کۆچکردوو نەوشیروان مستەفاى دەکرد , ئەمەش بۆ ڕاکێشانى سۆزى لایەنگرانى نەوشیروان مستەفا و ئامانجەکەشى خۆ ناساندن بوولە ناو کورد , دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی ڕووى ڕاستەقینەى خۆى دەرخست و دژ بە کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستان, بەردەوام تویت و کۆمێنتەکانى دژ بە خواستەکانى کورد و دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بوون .
لە پۆستێکى ئەیاد جەمالەدین کە پڕە لە ڕق و کینە دژ بە قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان , راپرسیەکە کە داواى فرۆشتنى هەرێمى کوردستان بە ئێران و تورکیا دەکات و دەڵێ ڕازیت بە فرۆشتنى هەولێر بە تورکیا لە پێناو زیاد کردنى ئاوى دیجلە و فورات ..؟ , وە هەروەها فرۆشتنى شارى سلێمانى بەرامبەر بە کۆنترۆڵ کردنى شەتولعەرەب ..؟ دهۆکیش بخەینە سەر نەینەوا ..؟
جەمالەدین بێ ئاگایە لەوەى ئەو شارانەى ئەو دەیهەوێ هەڕاجى بکات زەمەن و ڕێککەوتنى زلهێزەکانى دواى جەنگى جیهانى یەکەم بە عێراقیان لکاند دەنا تاپۆکەى لە بەغدا و گیرفانى جەمالەدین نیە تا بیخاتە مەزادەوە , ئاوى دیجلە و فوراتیش لە باکورى کوردستان هەڵدەقوڵێن و زەمەن تورکیاى کردۆتە خاوەنى .