سیلیسن: بیری هیچ شتێكی بارسێلۆنا ناكه‌م و مێسیش بێزاركه‌ره‌

یاسپه‌ر سیلیسن، گۆڵپارێزی پێشووی بارسێلۆنا و ئێستای ڤالێنسیا، باسی رۆیشتنی خۆی له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌كات و ده‌ڵێت “بیری هیچ شتێكی بارسا ناكه‌م”.

سیلیسن كه‌ 3 ساڵ وه‌ك گۆڵپارێزی یه‌ده‌گ له‌ بارسێلۆنا یاری كرد، له‌باره‌ی رۆیشتنی خۆی له‌ بارسێلۆنا قسه‌ی كرد و گوتی “ده‌بووایه‌ له‌ بارسا بڕۆم، چونكه‌ من ده‌مویست یاری بكه‌م، یاریكردنیش له‌گه‌ڵ تیپێك كه‌ گۆڵپارێزێكی وه‌ك تیر شتیگنی هه‌بێت زۆر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ ئه‌و رۆژ به‌ رۆژ باشتر ده‌بێت”.

سیلیسن ره‌تیشكرده‌وه‌ كه‌ په‌شیمان بووبێته‌وه‌ له‌ جێهێشتنی ریزه‌كانی بارسێلۆنا و گوتی “به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌شیمان نیم و بیری هیچ شتێكی بارسا ناكه‌م”.

سیلیسن كه‌ به‌رامبه‌ر 35 ملیۆن یۆرۆ چووه‌ ریزه‌كانی ڤالێنسیا، له‌باره‌ی لیۆنێل مێسیشه‌وه‌ گوتی “مێسی واته‌ مێسی، ئه‌و ته‌نانه‌ت ده‌توانێت ئاستی تۆ وه‌ك گۆڵپارێزیش پێشبخات، به‌ڵام هه‌ندێجاریش بێزاركه‌ره‌، چونكه‌ به‌هۆی به‌هره‌كانی واتلێده‌كات له‌نێو گۆڵدا بێتاقه‌ت ببی و هه‌ست بەوە بكه‌ی کە گۆڵپارێزێكی باش نی”.

Back to top button