خەسرەو گۆران: هەڵبژاردن لە كەركووك بەو دۆخەی ئێستا مەترسیدارە
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق سازدانی ئەنجومەن پارێزگاكانی لە ساڵی 2020 پەسەندكرد, ئەگەر چی تا ئێستا لە بارەی كەركووك گفتوگۆكان بەردەوان بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوە دەكات كە بەم دۆخەوە هەڵبژاردن لە كەركووك مەترسیدارە و دەڵێت: “دەبێ لەگەڵ بەغدا لەو بارەیەوە ڕێك كەوین”.
خەسرەو گۆران، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: “بەم دۆخەوە هەڵبژاردن لە كەركووك مەترسییە، چونكە كورد حزووری بەهێزی نییە لەو ناوچانە و دەسەڵاتی پێش 16ی ئۆكتۆبەری نییە و زۆر ئاوارەی لە شارەكانی دیكە هەیە.”
خەسرەو گۆران ڕایشیگەیاند: “سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دەرگای نوێی لە نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە و هاتنەوەی عادل عەبدولمەهدیش بە شێوەیەكی ئیجابی ڕەنگی دایەوە، ئەوەی گرنگە لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەینەوە و گفتوگۆی لەسەر بكەین دوو خاڵە؛ یەكەم، پرسی نەوت و پشكی هەرێم لە عێراقدا یەكێكە لە ئەركەكانی سەرشانی حكوومەت و وەزارەتی دارایی و نەوت كە لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكەنەوە. خاڵی دووەمیش ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكانە.”