وەزارەتی خوێندنی باڵا بیرۆكەی دامەزراندنی سندوقی قەرزی قوتابیان دەخاتەڕوو
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لەسەرجەم وەزارەتەکانکرد کە پلانی چوارساڵی داهاتووی وەزارەتەکەیان بەرزبکەنەوە بۆ ئەنجومەنی وزیران، لەم چوار چێوەیە ئەمڕۆ وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەكۆبونەوەی لەگەڵ زانكۆ تایبەتەكانی كوردستان، وەك بەشێك لەكارنامەی كاركردن پێشنیاری دامەزراندنی سندوقی قەرزی قوتابیانی كرد.
ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم رایگەیاندوە: “ئامانج لە دامەزراندنی ئەم سندوقە، هاوكاری و پشتیوانیكردن قوتابیانە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆیان.”
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا ڕاشیگەیاندووە”ئەم سندوقە بەبەشداری حكومەت و كەرتی تایبەت لەنێویشیاندا زانكۆ تایبەتەكان و هەمو ئەو كەس و لایەنانەی هاوكار دەبن پێكدێت و لەڕێگەی ئەنجومەنێكەوە كارەكانی ڕاییدەكرێت.”
وەزیری خوێندنی باڵا ئەوەشی خستۆتەڕو”لە داهاتودا ئالیەتی گونجاو بۆ كارەكانی ئەم سندوقە لەڕوی كارگێڕی و دارایی ئامادەدەكرێت، كە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی تەواو شەفاف و زەماناتی حكومییەوە كارەكانی بەڕێوەدەبردرێن.”