سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ د. لوئه‌ی شه‌بانه به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمیی ڕێكخراوی سه‌ندووقی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری دانیشتوانان و شاندێكی یاوه‌ری، شه‌بانه پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌یان خسته ڕوو كه بۆ نیشاندانى پشتگیریى ڕێكخراوهكهیانه له ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى گشتى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ به‌شداریكردنه له یادى 25 ساڵه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تیی دانیشتوان و په‌ره‌پێدان و یادى 50 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كه‌یان.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 30/7/2019 له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ی به‌رز نرخاند و باسی له پرسی سه‌رژمێری له عێراق كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ئه‌و پرسه به سیاسی نه‌كرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له ڕووی گرنگیدان به كۆمه‌ڵگه و خێزان و یه‌كسانییه‌وه پێشكه‌ش كرد.
ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه‌كه‌یان، چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به دانیشتوانانهوه، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرسی ئاواره و په‌نابه‌ران و میكانزمی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.