جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: پێویستە لە زووترین کاتدا لێپێچینەوە بەرامبەر ئەو کارە نابەجێیەی پارێزگای موسەنا بکرێت.

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە پارێزگاری سەماوە، ژمارەیەک کەس و کاری ئەنفالکراوەکان سەردانی گۆڕی بە کۆمەڵی کەس و کارانیانکرد لە لایەن ئەفسەرێکی سەربازی رێگری لە تاقانەیەک کرا کە ئاڵای کوردستان لە ملی کردبوو، ئەو رووداوە کاریگەری گەورەی لێکەوتەوە، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە٫ دەبێت کوردانی عێراق ئازادانە بە ئاڵا پیرۆزەکەیانەوە بست بە بست بە عێراقدا بگەڕێن بۆ گۆڕی ئازیزەکانیان.

د.به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌:” پێویستە لە نزیکترین کاتدا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو کارە نابەجێیە بکرێت، کەلە سەماوە بەرانبەر کەسوکاری ئەنفالکراوان کراوە٫ بۆ ئەم مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌ .

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: عیراقی دوای 2003 گەڕانەوەی عیراقە بۆ ھەموو گەلانی عیراق و دەوڵەتێکی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوری عیراق دامەزراوە کە بەبێ جیاوازی ئاینی و ئیتنی ھەموو پێکھاتەکانی عیراق شەریکن، ھەر لەم دیدگایەشەوە ھەرچی زووترە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو کارە ناڕەوایە بکرێت”

 

لە بەشێکی دیکەی به‌یاننامه‌كه‌دا، جێگره‌ كورده‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق رایگه‌یاندوه‌: “زۆربەی خاکی عیراق بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد سوربووە” و ده‌ڵێت” بیریشمان نەچێت کورد دەستێکی باڵای ھەبوو لە بنیادنانەوەی عیراقی نوێ، گەر ڕەوا نەبێت کوردانی عیراق ئازادانە بە ئاڵا پیرۆزەکەیانەوە بست بە بستی ئەم وڵاتە بە شوێن گۆڕە بەکۆمەڵەکانیاندا بگەڕێن، چ ڕەوایەتییەک ھەیە، بۆ پێکەوە ژیان لە عیراقدا”.

د.به‌شیر حه‌داد ئاشكراشیكردوه‌ كه‌ پەیوەندیی بە ھەریەکە لە پارێزگاری سەماوە و وەزیری بەرگریی عیراقه‌وه‌ کردووە ھەرچی زووترە لێپێچینەوە لەو ئەفسەرانە بکەن و لە وەڵامەکەی ئاگاداریان بکەنەوە.

حەداد ئاماژە بە هەڵوێستی یەکگرتوی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش كردوه‌ و تیشکیشی خستوه‌ته‌سەر بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بە پەیوەندی کردن بە سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە وە سپاردنی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ بەدواداچوونی ئه‌و پرسه‌.

Back to top button