مەسرور بارزانی: جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی نەیتوانی گیانی خۆراگری لەم دەڤەرە کپ بکات
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پهیامێكی لهبارهی ساڵیادی ئهنفالكردنی بارزانییهكان بڵاوكردهوه و رایدهگهیهنێت: ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆراگری و بەرگری و تیکۆشان لە بارزان کپ بکات و دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر ئەنفال وجینۆسایدکردنی بارزانییەکان تێدەپەڕێت، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوێکی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان، کە دواجار ئەنفالکردنی ناوچەی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستانی بەدوادا هات.
دەڤەری بارزان لە سەدەی ڕابردوودا بە دەیان جار دووچاری وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە کە دواترینیان هەڵمەتی جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانی بووە، بەڵام ئەم هەموو ستەمە نەیتوانی گیانی خۆراگری و بەرگری و تیکۆشان لەم دەڤەرە کپ بکات و دواجار خەبات و قوربانیی گەلەکەمان و تێکۆشانی دڵسۆزان و پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسکەوت و ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و گەلەکەمان مایەوە و ئەنفالچییەکان لەناوچوون.
گەلی خۆراگرمان و کەسوکاری ئەنفالەکان شایستەی هەموو خزمەت و ئاوڕدانەوەیەکن. وەک حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی لە رێگەی وەزارەتی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە دەستەبەری هەموو ماف وپێداویستیەکانی ئەم ئازیزانەمان بکریت و خالێکی سەرەکیی دانوستانیشمان لە گەل حکومەتی عێراقی فیدرال، وەک هەمیشە پێداگری دەبیت لە سەر قەرەبۆکردنەوەی ماددی و مەعنەویی قوربانیانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان.
لە کۆتاییدا سەری رێز بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و یادیان هەمیشە بە شکۆوە رادەگرین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان