سەرۆك بارزانی: ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلەكەماندا
سەرۆك بارزانی پهیامێكی لهبارهی ساڵیادی ئهنفالكردني بارزانییهكان بڵاوكردهوه و رایدهگهیهنێت: ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و دلۆڤان
ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی تاریكە لە مێژووی گەلەكەماندا، بەر لە 36 ساڵ ڕژێمی بەعس بەشێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا بەساڵاچووی نەوەد ساڵە، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە كۆمەڵكوژی كردن.
ئەو تاوانە ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانیدانانەی بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و پەلاماری تیرۆریستان و تاوان لەدژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان.
ئەگەرچی بەدرێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، تەواوی گەلەكەمان تووشی كارەسات و نەھامەتی بووە، بەڵام دوژمن بەتایبەت ڕقێكی زۆڕی بەرانبەر بارزان ھەبوو، وەك مەڵبەندی شۆڕش و بەرپەرچدانەوەی داگیركاری و كانیی ڕێبازی سەربەخۆییخوازی، لێی ترساون.
دوژمن ھەشت ھەزار بارزانی ئەنفال كرد، بەڵام نەك ھەر نەیتوانی ئەو ڕێبازە بشكێنێت، بەڵكوو تا ئێستاش ئەو ڕێبازە نوێنەرایەتیی كوردایەتی دەكات.
بەداخەوە، لەكاتێكدا 36 ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، ئێستاش ناوە ناوە ڕەنگداوەی بیری شۆڤینی و ئەنفالچی لە ھەڵسوكەوت و ڕەفتاری ھەندێ كەس و لایەندا دەبینین، كە ئەوە كێشەی سەرەكیی گەلی ئێمە بووە لەگەڵ حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا.
لەیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا، دەمەوێ جەخت بكەمەوە كە یادكردنەوە تەنھا بۆ وەبیرھێنانەوەی ئازارەكان نییە، بۆ ئەوەیە ھەموو تواناكان بۆ ڕیشەكێشكردنی ئەو ھزرەی ئێمەی ئەنفال كرد بخرێتە گەڕ. بۆ ئەوەیە ویژدانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەخەبەر بێت و كاتێك تازە وا گۆڕی بەكۆمەڵی ئازیزانمان لە بیابانەكانی عێراق دەدۆزرێنەوە، شەرم لە گەلی ئێمە بكەن و بزانن چ زوڵمێكمان لێ كرا و ئەوان بێدەنگ بوون.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مسعود بارزانی
31ـی 7ـی 2019