لە ئاكرێ فەرمانگەی پاسپۆرت دەكرێتەوە
قایمقامی شاری ئاكرێ ڕایدەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی ئاكرێ، كە هاووڵاتیانی ئاكرێ و دەروبەری، لە كردنەوەی فەرمانگەكە سوودمەند دەبن. بەڕێوەبەری ئیدارەی قایمقامیەتی زاخۆش دەڵێ، رەزامەندی لەبارەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت لە زاخۆ دراوە.
مازن محەمەد، قایمقامی شاری ئاكرێ ڕایگەیاند: لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگادار كراینەوە، كە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ كارئاسانی هاووڵاتیانی ئاكرێ و دەوروبەری قەزاكە، ڕەزامەندییان دەربڕیوە بە كردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرتی ئاكرێ، لە ئێستادا ئێمە وەك ئیدارەی قەزاكە ئامادەكاری دەكەین بۆ دابینكردنی شوێنی پێویست بۆ فەرمانگەی پاسپۆرتی ئاكرێ.
قایمقام ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: “بە كەوتنەكاری فەرمانگەكە، ئاسانكارییەكی زۆر بۆ خەڵكی ئاكرێ و دەوروبەری دەكرێت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، چونكە ئیتر لەبری سەردانیكردنی شاری دهۆك، لەناو سەنتەری قەزاكە پرۆسەی دەرهێنانی پاسپۆرت ئەنجام دەدەن و وەریدەگرنەوە”.