حكومەتی هەرێم پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران دابەشدەكەین
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند بوو كە پێش جەژنی قوربان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەشدەكەن, سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە پارەی فرۆشتنی نەوتیان رەوانەی وەزارەتی دارایی كردووە بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران.
هەر لە بارەی دابەشكردنی مووچەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە (خواكوڕك)ـی راگەیاندوو, وەزارەتەكەیان بڕی 378 ملیار دیناری پارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە پێگەیشتووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد كە بەو پارەیە پێش جەژن تەنها دەتوانن مووچەی هەریەكە لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و پەروەردەو تەندورستی و دارایی دابەش بكەن, ئەگەر حكومەتی عێراق بڕە پارەكەی دیكەمان بۆ بنێرێت ئەوا دەتوانین پێش رۆژی جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش بكەین.
هەر پەیوەست بەو هەواڵە بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند بوو حكومەتی عێراق پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی دابەشكردن, بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش بنێرێت, بەمەش سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دەتوانن مووچەكانیان بەر لە جەژن وەربگرن.