وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان: ژمارەی روفاتەکانی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەماوە گەیشتە ۱۷۱ رووفات

دوای ئەوەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوانی كورد لە ناوچەی بادیەی سنووری پارێزگای موسەنا، سەرەتا راگەیەندراوبوو كە ئەو گۆڕە ۸۰ رووفاتی تێدایە، بەڵام دوای ھەڵدانەوەی دەركەوت كە ۱۷۱ رووفاتی تێدابوو.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی گۆڕەبە کۆمەلەکەی سەماوە رایگەیاندووە: “ئەمڕۆ كۆتایی بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ دەھێندرێت کە 171 رووفاتی ئەنفالكراوانی كوردی تێدابوو، دوو گۆڕی دیكەش ماون لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو گۆرانەش ھەڵدەدرێنەوە”.

هەروەها سیروان جه‌لال، به‌رێوه‌به‌ری گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەبامبارەیەوە ڕایگەیاندووە: “لەسەرەتادا پێمان وابوو لە یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ تەنها ۸۰ رووفات هەیە، به‌ڵام ژمارەكە زۆر زیاتر دەرچوو، ئەمڕۆ كە كۆتا رۆژی ھەڵدانەوەی گۆڕی یەكەمە ژمارەی رووفاتەكان گەیشتە 171، پزیشكی دادی دەستیكردووە بە گواستنەوەی رووفاتەكان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی پشكنینی ئێسك DNA لە رووفاتەكان وەربگیرێت”.

Back to top button