گۆڕان ناوی کاندیدەکانی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت ئاشکرادەکات

بزوتنەوەی گۆڕان چەند رۆژێک لەبەردەمیدا ماوە بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی بداتە پارتی، ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانیش دەڵێت، چەند رۆژێک  تاوەکو پێش جەژن وادە لەبەردەم گۆڕاندایە بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بکات.

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، کەسی پسپۆڕ و شارەزا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندید دەکەن.

نەسرەدین مەحموود، ڕایگەیاند: ڕێکخەری گشتی و بەرپرسی باژێرڤانەکان، پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم لە نێوان (مستەفای سەید قادر، جەمال محەمەد و حەمە تۆفیق ڕەحیم) یەکلایی دەکەنەوە.

ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، گفتوگۆ دەکرێ و دواتر بڕیاری کۆتایی لەسەر یەکێک لەو کاندیدانە دەدرێت.
ئەو بەرپرسەی گۆڕان باسی لەوە کرد کە هیچ کاتێک بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕان دیاری نەکراوە و هەر کاتێک پێویست بێت، ناوەکان ڕادەست دەکەین.

بەپێی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی گۆڕان راسپێردراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری چاکسازی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی کە پشکی گۆڕانە.
Back to top button