گهندهڵیهكی گهوره ئاشكرا دهبێت، ناوی بهریرسێكی باڵا دههێنرێت له ههرێمی كوردستان
پەرلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە یەكێك لە سنوورەكانی نێوان سلێمانی و ئێران چەندان بارهەڵگر لە كەلوپەلی ڕێ پێنەدراو بۆ ئێران دەگوزارێتەوە و بەنرخێكی هەرزانیش دەفرۆشرێت.
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاشكرای كردووە، ئێستا ڕۆژانە چەندان بارهەڵگری مس و فافۆن و كانزای تر ئاودیوی ئێران دەكرێت كە بەپێی پێناسی گومرگ، هیچ جۆرە مادەیەکی کانزایی وەك مس و فافۆن، مسی قاڵب و فافۆنی قاڵب نابێت ببرێتە دەرەوەی عێراق، بۆ هەر بارهەڵگرێكیش بڕی پێنج هەزار دۆلار وەردەگیرێت و لە خوار بۆرسەی جیهانییەوە دەفرۆشرێت.
ڕوونی كردووەتەوە، مادەی قەڵاچۆكردنی مێروو كە قەدەغە كراوە، بە واستەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی ئاودیوی هەرێم دەكرێت لە نموونەی تار و مار، لە بوتڵی مادەی پاككەرەوەشدا تێزاب تەراتێنی پێ دەكرێت و ڕۆژ نییە سكاڵای دەرچوویەكی زانكۆ و دووان و سیان نەگاتە دەستمان و بەرگوێمان نەكەوێت، فڵان بە تەزكیەی فڵان بەرپرس و فڵان كۆمیتە دامەزراون یان گرێبەستی بۆ كراوە، بە ڕۆژی ڕووناك و بەناو دەروازەكاندا، ئۆتۆمبێلی مۆدێل كۆن دەهێنرێتە ناوەوەی هەرێم و بە واژوویەكی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ جەلالی شێخ كەریم بە بەرچاوی ئەو خەڵكەوە ژمارەی بۆ دەكرێت.
ئەوەشی باس كردووە، بە تەنیشتی پەرژینی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە پارچە زەوییەك كە كاری تێدا دەكرێت و نەخشەی دروستكردنی 45 پێشانگای ئۆتۆمبێلی تێدا نەخشێنراوە بێ ئەوەی هیچ مامەڵە و پێشینەیەكی هەبێت.