لیوا هێرش ئه‌حمه‌د: ھەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی لە دوای دەوام كاری پێ بكرێت دەستبەسەر دەكرێت

وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێكی نوێی دەركردووە، كە  نابێ ئۆتۆمبێلی حكوومی بۆ كاری تایبەت بەكار بھێنرێت، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێریش دەڵێت، ھەر بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتێك ئۆتۆمبێلی حكوومەت لە دوای دەوام بەكار بھێنێت، ئۆتۆمبێلەكەی لێ وەردەگیرێتەوە و سزا دەدرێت.

لیوا ھێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر ڕایگەیاند: وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارێكی نوێی دەركردووە، كە لە ئێستادا كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لۆگۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە تەواوی ئۆتۆمبێلە حكوومییەكان دەدات، تا لە دوای دەوام بۆ كاری تایبەت و كەسی بەكار نەھێنرێن.

بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ھەولێر گوتیشی: ھەر ئۆتۆمبێلێكی حكوومی ھی ھەر دامودەزگایەكی حكوومی بێت، لە دوای دەوامی فەرمی كاری تایبەت و كەسیی پێ بكرێت، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و ئۆتۆمبێلەكە دەستبەسەر دەكرێت و دووچاری سزای ماددییش دەبنەوە، جا ھەر كەس و بەرپرسێك بێت.

Back to top button