پەرلەمانتارێكی پارتی: پەرلەمان و حكومەت هاوڕانە لەسەر چاكسازیەكی ریشەیی

دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, خوێندنەوەی كارنامەی حكومەت كە زیاتر جەختی لە پرسی چاكسازی و رووبەروو بوونەوەی گەندەڵی دەكردەوە, پەرلەمانتارێكی پارتی رایدەگەیەنێت پەرلەمان و حكومەت هاوڕان لەسەر چاكسازی.
لەیلا عەبدولجەبار, پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: “حكوومەتی ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی چاكسازی بكات لە دامودەزگا حكوومیەكاندا و، چاكسازییەكانیش بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و جیاوازیی مووچەیە ئەوەی گرینگە حكوومەت و پەرلەمان ھاوڕان لەسەر پرسی چاكسازی، بەتایبەت ھەموو فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی كوردستانیش ھاودەنگ و یەك ھەڵوێستن.”

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت: “وتاری سەرۆكی حكوومەت لە پەرلەمان و كۆبوونەوەكانی ئەم دووایەی ئەنجومەنی وەزیران، ھەموو خاڵەكان لەسەر بابەتی چاكسازی بوو، ئەو ڕێنماییانەشی كە ئەنجومەنی وەزیران دەریكردن ھەمووی پەیوەست بوون بە چاكسازی و ھەنگاوێكیش بوو، بۆ بەجێگەیاندنی چاكسازی.”

هەروەها لەیلا عەبدولجەبار دەشلێت: ” ھەوڵی جددی لە لایەن سەرۆكی حكوومەتەوە ھەیە، ئێمەش پشتیوانی ئەو ھەوڵەی سەرۆكی حكوومەتین، بۆ ئەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری لە ھەرێمی كوردستان بنبڕ بكرێت هەروەها دەزگای دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان پێشنیاریان وایە كە دادگایەكی سەربەخۆیان ھەبێ، بۆ ئەوەی كەیسەكانی گەندەڵی یەكلا بكەنەوە، بەجێگەیاندنی ئەم ھەنگاوەش گرینگە، وەكو پەرلەمانیش دەمانەوێت لەسەر ئاستی كوردستان بە زووترین كات پرسەكانی گەندەڵی یەكلا بكەینەوە.”

لەیلا عەبدولجەبار پێیشی وایە: “زۆرترین قسە لەسەر بابەتی خانەنشینیی پلە تایبەتاكانە، واتا خانەنشینانی پێشمەرگە و پەرلەمانتار و وەزیرەكان دەگرێتەوە. ھەروەھا نادادپەروەری بەگشتی لە دامەزراوەكاندا ھەیە، ھەوڵ دەدەین ئەو نێوانە نەمێنێ.”

Back to top button