رۆمانێك لەسەر كچ و ژنانی ئێزیدی و پیاوانی خەلیفە بڵاو كرایەوە

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا رۆمانێكی لەژێر ناوی (ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە) بڵاو كردەوە لە ناوەرۆكی رۆمانەكەدا باس لە تاوانەكانی داعش و كچ و ژنانی ئێزیدیی دەكات و  رۆمانەكە لە هەشت بەش و 206 لاپەڕە پێكهاتووە و لە چاپخانەی رۆكسانا لە شاری هەولێر چاپكراوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش ژمارەی سپاردنی (679)ی ساڵی 2019ی پێدراوە، نەخشەسازی بەرگ و ناوەڕۆكیشی لەلایەن شكار عەفان نەقشەبەندی بۆ كراوە.
لەو بارەیەوە شاخەوان برایم عەیدوڵڵا نووسەری رۆمانەكە باس لە رۆمانەكە دەكات و رایدەگەێنێت”رۆمانی ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە، باس لە جنیۆسایدی ئێزیدییەكانی شنگال و دەستدرێژی بۆ سەر كچان و ژنانی ئێزیدی دەكات، هەروەها دەیان رووداوی دیكەش كە بەهۆی هاتنی داعشەوە روویاندا، بوونەتە هەوێنی چیڕۆكەكانی ناو رۆمانەكە”.
هەروەها نووسەر دەلێـ بەڵام گێڕانەوەی رووداوەكانی داعش نییە وەك ئەوەی روویانداوە، بەڵكوو بەشێوەیەك كە خەیال و واقیع تێكەڵكراوە بە فۆڕمێكی ئەدەبی باس لەو كارەسات كراوە، بە تایبەتی پرسی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچان و ژنانی ئێزیدی لایەنێكی دیاری چیڕۆكەكانی رۆمانەكە پێك دەهێنێت”.
هەروەها گوتیشی: لە رووی سیاسییەوە و بە تایبەتی لە میدیا قسەی زۆر لەسەر داعش كران، بەڵام لە ئەدەبیاتدا بە كەمی ئاوڕ لەو رووداوانە دراوەتەوە.
ئیناس، كارەكتەری سەرەكی رۆمانەكەیە، كچێكی شنگالییە و دەكەوێتە ژێر چنگی چەكدارانی داعش، دایك و باوكی و برای، دەكوژرێن، خۆیشی وەك كەنیزەك سەرەتا دەكەوێتە ژێر دەستی ئەمیرێكی داعش و دواتر بە شێوەی فرۆشتن و دیاری، دەكەوێتە ژێر دەستی چەند ئەمیرێكی دیكەوە، لە رێگەی ئیناسەوە خوێنەر هەست بە ئازاری بەشێك لە ژنان و كچانی رفێندراوی ئێزیدی و هەروەها تاوانەكانی داعش دەكات.
Back to top button