لەماوەی 6 مانگی رابردوو 3997 خێزان لەهەرێمی كوردستان هەڵوەشاوەتەوە خواكوڕك چەند هۆكارێك ئاشكرا دەكات

بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە لە ماوەی 6 مانگی رابردوو 3997 خێزان هەڵوەشێنراوەتەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان، لەو باریەوە خواكوڕك بە پێی بەدواداچوونێك چەندین هۆكاری لەبارەی تەلاقدان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات”.

بەگوێرەی بەدوا داچوونەكانی خواكوڕك بە پێی تووێژینەوەكان، هۆكاری زۆری تەلاقدان لەهەرێمی كوردستان بۆ چەند خاڵێك دەگەرێتەوە و كە زۆرینەی توێژەرانی لەسەری هاوران”.

1_توێژەران لەسەر ئەوە هاوڕان كە شێوازی پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەهەرێمی كوردستان لەسەر عادات و تەقالیدێكە كە بۆ قۆناغی ئێستا هەرێمی كوردستان و كرانەوەی كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان بەرووی جیهانی مۆدێرنیتە و گۆڕانكاری پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و ئاڵوگۆڕی و كارتێكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، ناگونجێت و گونجاو نیە، چونكە لە ئێستادا زۆرینەیەكی رەها رووی لە شێوازی هاوسەرگیری پێش یەكتر ناسین كردووە و كۆمەڵگەش ئەوە بە گونجاوترین هاوسەرگیر دەزانێت، لەگەڵ ئەوەی كە هەندێك گۆڕانكاری تێدا كراوە، بەڵام ئێستاش تا مارەبرین كچ و كورەكە، توانای یەكتر بینین و لەگەڵ یەكتر قسەكردنیان نیە، ئەو عاداتە هۆكارە بۆ لێكەوتەی كێشە و مەترسیەكانی جیابوونەوە”.

2_توێژەران لەسەر ئەوەش هاوران، كە پەیوەندیەكانی خۆشەویستی نێوان كچ و كور كە دەبێتە هاوسەرگیری، زۆر جار لەسەر بنەمای سۆزداری و فانتازیا ژیان وێنە دەكەن و هاوسەرگیری دەكەن، دوای كە دەچنە ناو واقیعی ژیان تووشی موفاجەئەی زۆر جیاوازتر دەبن لە خەیاڵ و فانتازیاكەیان، ئەمەش زۆرجاران سەردەكێشێت بۆ جیابوونەوە”.

3_لە خاڵی سێهەم دا كە توێژەران لەسەر هاوران، نەگونجاوی دۆخی دارایی بۆ پێكهێنانی هاوسەرگیری و شان نەدانە بەر بەرپرسیاریەت و تێنەگەیشتن زۆر بۆ ژیانی كەم دەرامەتی، ئەوەش بۆتە هۆكاری جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری.

4_لە خاڵی چوارەم دا بەستنەوەی پرۆسەی هاوسەر گیری بە حەزی سێكسی لەلایان كچان و كوران، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری”.

5_نەگونجاوی تەمەن بۆ هاوسەرگیری یەكێكی ترە كە توێژەرانی كۆمەڵایەتی لەسەری هاوران كە تەمەن بۆ هاوسەرگیری رۆڵێكی بەرچاو دەبینێت لە سەركەوتنی پرۆسەكە، چونكە زۆر جار تەمەنی كەم دەبێتە هۆكاری لاوازی پرۆسەكە و رایدەكێشێت بۆ تێكچوونی پرۆسەكە و هەڵوەشاندنەوەی”.

6_ توێژەران لەبارەی بەستنەوەی دین بە پرۆسەی هاوسەرگیری پێیان وایە، مەرجێكی بێ بنەمایە، چونكە زۆر جار مەرجی جێبەجێ كردنی واجبەكانی دین دەبێتە هۆكاری شاردنەوەی كۆمەڵێك گرفتی گەورە،  ئەو مەرجە زۆرجار كۆمەڵێك كێشە پەردە پۆش دەكات لەنێوان دوو كەسدا بەڵام لە ژیانی واقیعدا كێشەكان دەتەقێتەوە لەنێوانیاندا، ئەم كۆمەڵە كێشەیەش دەسپێردرێت بە رۆژگاری داهاتووی هەردوو كەسەكە، چونكە مەرجی جێبەجێ كردنی واجبەكانی دین، بنەمایەكە بۆ پەردە پۆشكردنی زۆرێك لە كێشەكان، كە دواجار سەر لە تەڵاقدان دەردێنێت و پرۆسەكە هەڵدەوەشێنرێتەوە.

Back to top button