حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگێشتی سەرجەم فراكسیۆنەكانی كورد لەبەغدا دەكات بۆ هەولێر

خواكوڕك
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە روونكردنەوەیەكدا كە رایدەگەێنێت حكوومه‌تى عیراقى فیدرال ساڵانه‌ به‌بێ به‌شداریپێكردن و ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى، پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالى ئاماده‌ ده‌كات و له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ندى ده‌كات، دواتر ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مانى فیدرالى ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى فیدرالى، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو بنه‌ماى به‌شدارى له‌ ده‌سه‌ڵات و داهات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى گه‌لانى عیراق هه‌روه‌ك به‌ ڕوون و ئاشكرا له‌ مادده‌كانى ده‌ستوورى عیراقى فیدرالدا چه‌سپێنراوه‌.
 
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە هه‌ر هه‌وڵ و پڕۆژه‌یه‌ك له‌مڕووه‌وه‌ پێویستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و دیراسه‌ى وردى شاره‌زایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى داتا و ژماره‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى پێشووى دانوستان و گفتوگۆ و ڕێكه‌وتنامه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌راوردكردنێكى زاستییانه‌ به‌ ژماره‌ له‌نێوان بژارده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كردارى جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ ناكرێت هه‌رێمى كوردستان بخرێته‌ ژێر بارى پابه‌ندبوونێكى یاسایییه‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا له‌ برى قازانج به‌ زیانى خه‌ڵكى هه‌رێم بشكێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ده‌بێت په‌رله‌مانتاره‌كان زانیاریى ڕاست و دروستیان له‌به‌رده‌ست بێت سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى مووچه‌خۆران له‌ هه‌رێمى كوردستان و بڕى بودجه‌ى پێویست بۆ دابینكردنى ته‌واوى ئه‌و مووچانه‌ و به‌راوردكردنى له‌گه‌ڵ خشته‌كانى هاوپێچى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى فیدرال.
 
 
 
دەقی روونکردنەوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
 
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدرالى ساڵى 2017دا
 
حكوومه‌تى عیراقى فیدرال ساڵانه‌ به‌بێ به‌شداریپێكردن و ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى، پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى فیدرالى ئاماده‌ ده‌كات و له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ندى ده‌كات، دواتر ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مانى فیدرالى ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى فیدرالى، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو بنه‌ماى به‌شدارى له‌ ده‌سه‌ڵات و داهات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى ته‌واوى گه‌لانى عیراق هه‌روه‌ك به‌ ڕوون و ئاشكرا له‌ مادده‌كانى ده‌ستوورى عیراقى فیدرالدا چه‌سپێنراوه‌.
 
له‌ كاتێكدا حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵ و چالاكى و ماندووبوون و خه‌مخۆریى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عیراق به‌رز ده‌نرخێنێت به‌ ئاراسته‌ى پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى هه‌رێم و چاككردنى بار و گوزه‌رانى خه‌ڵك و فشاركردن له‌ حكوومه‌تى فیدرالى بۆ هه‌رچى زووتر خه‌رجكردنى شایسته‌ دارایییه‌ یاساییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان،‌ به‌تایبه‌تیش شایسته‌ى داراییى مووچه‌خۆران كه‌ مافێكى ده‌ستوورى و یاساییى هه‌رێمى كوردستانه‌، به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵ و پڕۆژه‌یه‌ك له‌مڕووه‌وه‌ پێویستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و دیراسه‌ى وردى شاره‌زایان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى داتا و ژماره‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى پێشووى دانوستان و گفتوگۆ و ڕێكه‌وتنامه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌راوردكردنێكى زاستییانه‌ به‌ ژماره‌ له‌نێوان بژارده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى كردارى جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ ناكرێت هه‌رێمى كوردستان بخرێته‌ ژێر بارى پابه‌ندبوونێكى یاسایییه‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا له‌ برى قازانج به‌ زیانى خه‌ڵكى هه‌رێم بشكێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ده‌بێت په‌رله‌مانتاره‌كان زانیاریى ڕاست و دروستیان له‌به‌رده‌ست بێت سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ى مووچه‌خۆران له‌ هه‌رێمى كوردستان و بڕى بودجه‌ى پێویست بۆ دابینكردنى ته‌واوى ئه‌و مووچانه‌ و به‌راوردكردنى له‌گه‌ڵ خشته‌كانى هاوپێچى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى فیدرال.
 
له‌به‌ر ڕۆشناییى ئه‌م لێكدانانه‌وه‌ش، ئه‌وه‌ى له‌ بڕگه‌ى ئه‌لیفى پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى سۆشیال میدیا بینرا، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگاى كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ئاراسته‌مان بكرێت، نه‌ك ناتوانێت مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان دابین بكات، به‌ڵكو  له‌ به‌رامبه‌ر 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى تێكڕاى ڕۆژانه‌، هه‌رێم مانگانه‌ ته‌نها بڕى 317 ملیار دینارى بۆ دیارى كراوه‌، له‌ كاتێكدا بڕى بودجه‌ى پێویست بۆ دابینكردنى ته‌واوى شایسته‌ى داراییى یه‌ك مانگى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ى 1 ملیۆن و 400 هه‌زار مووچه‌خۆره،‌ نزیكه‌ى 880 ملیار دیناره‌ له‌ مانگێكدا، له‌ناو ئه‌م ژماره‌یه‌ش كۆى كارمه‌ندانى هه‌رێم نزیكه‌ى 730 هه‌زار كارمه‌نده‌ و بۆ هه‌ر مانگێك پێویستییان به بڕى‌ 685 ملیار دینار هه‌یه،‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مووچه‌ و به‌خشینه‌كانى خانه‌نشینان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و قوتابیان و سوودمه‌ندانى دیكه‌ى چاودێریى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنه‌كه‌دا‌ ئاماژه‌ى پێنه‌دراوه‌.
 
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و له‌پێناو گه‌ره‌نتیكردنى دابینكردنى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ییى ته‌واوى خۆى ده‌رده‌بڕێت بۆ دانوستان و گفتوگۆى به‌رهه‌مدار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى، ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دابینكردنى ته‌واوى شایسته‌ داراییه‌كانى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان، حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى ڕێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرال، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌پاندنى هه‌ر پابه‌ندبوونێكى یه‌كلایه‌نه‌ به‌بێ هه‌بوونى ڕێككه‌وتنى هاوبه‌ش، هه‌رێمى كوردستان ناچار به‌ جێبه‌جێكردنى ناكات.
 
لێره‌شه‌وه‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عیراق بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستى خستنه‌ڕووى ته‌واوى زانیارییه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن شاره‌زایانى دارایییه‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌ به‌ وردى به‌راورد كراون و هه‌ڵبژاردنى باشترین بژارده‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكى كوردستاندا بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ژماره‌ و داتاكان، به‌تایبه‌تیش چینى كه‌مده‌رامه‌تى مووچه‌خۆران كه‌ به‌ هۆى بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تى فیدرالى عیراقه‌وه‌ زیانى زۆریان به‌ركه‌وتووه‌.
 
سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
2/12/2016
Back to top button